پرسەخانەیەکی مۆدێرن لەسەر ئەركی خێرخواز (نیعمەت خانی کچی حەمە ئاغای عەبدولرەحمان ئاغا) لەشاری سلێمانی کرایەوە، کە تەواوی پێداویستیەکانی پرسە لەخۆ دەگرێتو ھەمو ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەتوانن بێ بەرامبەر سودی لێوەربگرن.
ئەمڕۆ چوار شهممه ٢٨٢٢٠١٨ به ئامادهبوونی ژمارهیهك لهبهرپرسانی حكومی و كهسایهتیهكانی شاری سلێمانی پرسەخانەی خێرخوازیی (نعمەت خانی حەمە ئاغای ئەورەحمان ئاغا) كرایهوه، ئەم پرسەخانەیە بەشێوەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتو دیزاین کراوە، کە پرسەی ژنان و پیاوان لەخۆ دەگرێتو هاوڵاتیان دهتوانن سودی لێوهربگرن.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لهرێورەسمی کردنەوەی پرسەخانەکەدا وتارێکی خوێندەوەو رایگهیاند ”خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانیین كە ئەمڕۆ پێكەوە كۆبووینەتەوە لەڕێوڕەسمی كردنەوەی یەكەم هۆڵی پرسەخانەی خێرخوازی تایبەت بەژنانو پیاوان لە شوێنێكی گونجاوی شارەكەمانو لەسەر ئەركی خێرخواز نیعمەت خان کچی حەمە ئاغای عەبدولرەحمان ئاغا”.
راشیگەیاند “ئەم پرسەخانەیە دروستكراوە لەسەر ئەرک و ماندوبون و بەرپرسیارێتی نیعمەت خان، بەبێ ھاوکاری ھیچ کەس و لایەنێک ئەرکی تەواوی ئەم پرۆژەیەی گرتۆتە ئەستۆ، کە لەلایەن باوکیەوە بۆی ماوەتەوە بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان لەشارەکەماندا بەدابینكردنی هەموو پێداویستییەكانیەوە، ھەرگیز ئەم خاتونە بەم کارانەوە نەوەستاوە ھەمیشە یاریدەدەرێکی زۆر گرنگی نەخۆشخانە گرنگەکانی شاری سلێمانی بووە. سەرەڕای ھاوکاری کردنی زۆرێک لەخوێندکاران و خەڵکی توشبو بەنەخۆشیی”.
سەرۆکی ژوور لهوتارهكهیدا جهختی لهوهش كردهوه ”خانەوادەی بەڕێزیان ھەر لەسەرەتاکانەوە تا ئەم ساتەش یەکێکبوون لەکەسایەتیە ناودارو دیارەکانی ئەم شارە، خوالێخۆشبوو حەمە ئاغا لەسەردەمی مەلیک مەحمود وەزیری دارایی بووە، سەرەڕای دڵسۆزی بۆ کارەکەی ھەمیشە خۆی بەخزمەتکارو ھاوکاری خەڵکی شارە خۆشەویستەکە زانیوەو بەو پەڕی دڵسۆزیی و لەخۆبردنەوە ھەمیشە دەرگای ھاوکاریکردن و یارمەتیدانی کراوە بوە، بۆ ھەر کەسایەتیەک کە ڕویان کردۆتە بەڕێزیان، بێ گوێدانە پلەو پایە یان ئینتمای سیاسی”.
سەرۆکی ژوور وتی “ئیمە وەكو ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی دەستخۆشی لەنیعمەت خان و بنەماڵە بەڕێزە شۆڕشگێڕەكەیان دەكەین كە شوێندەستیان دیارە لەكاری خزمەت و خێرخوازیدا لەقۆناغە جیاوازەكانی مێژوودا لەشاری سلێمانی و دەوروبەریدا”.
ئەم پرسەخانەیە خێرخوازییە کە دەکەوێتە گەڕەکی قڕگەوە، پێکھاتووە لەھۆڵی پرسەی ژنانو پیاوانو جێگای چێشتخانەو ھۆڵی نانخواردنو شوێنی تایبەت بەڕاگرتنی ئوتومبێلیشی تیایە، كە ھەموو کەسێک بەبێ جیاوازی وەک ماڵی خۆی لەبەیانیانەوە تا شەو دەتوانن سودی لێوەربگرن، گونجاویشە بۆ ھەمو بۆنە ئاینیەکان بەبێ بەرامبەر..
هاوکات لەڕێورەسمی کردنەوەی پرسەخانەکەدا، ههڤاڵ ئەبوبهكر، پارێزگاری سلێمانی لهوتارێكدا سوپاسی بازرگانان و دهوڵهمهندان و كهسایهتیهكانی شاری سلێمانی كرد كه ههمیشه هاوكارو دهستپێشخهر بوون لەكردنهوهی پرۆژهی لهم جۆرهو هاوكاری سهرجهم چینو توێژهكانیان كردهوه.