كۆمپانیای دانەوێڵەو خزمەتگوزارییەكانی ناوچەی ٩ی ئێران رایدەگەیەنێت، عیراق ساڵانە پێویستی بە ٢ ملیۆن تۆن ئارد هەیە بەڵام پشكی ئێران لەو بازاڕە تەنها ٢٧٠ هەزار تۆنە.
موزەفەر ڕەحیمی بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیای دانەوێڵەو خزمەتگوزارییەكانی ناوچەی ٩ی ئێران رایگەیاند، ساڵانە نزیكەی ٩٥٠ هەزار تۆن گەنم لەپارێزگای كرماشان بەرهەم دەهێنرێت، لەو بڕەش ٧٥٠ هەزار تۆنی زیاتر لەپێداویستی جوتیارانە كە لەلایەن كۆمپانیای دانەوێڵەی وڵاتەوە دەكڕێتو بەكارهێنانی پارێزگاش نزیكەی ٢٥٠ هەزار تۆنەو ئەوی تری بۆ پارێزگاكانی تر هەناردە دەكرێت.
وتیشی، عیراق ساڵانە پێویستی بە ٢ ملیۆن تۆن ئارد هەیە، بەڵام پشكی ئێران لەو بازاڕە تەنها ٢٧٠ هەزار تۆنەو بەشی هەرە زۆری لەلایەن توركیاوە دابین دەكرێت.
موزەفەر ڕەحیمی ئەوەشی خستەڕوو، كە لەپارێزگای كرماشان 16 یەكەی وەبەرهێنەری ئارد هەیە كە لەئێستادا 13 یەكەیان چالاكنو كۆی گشتی وەبەرهێنانی ساڵانەشیان دەگاتە ٦٠٠ هەزار تۆن.