ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم رایگەیاند، بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی تاوەكو 31-5-2018 درێژكرایەوە.
ئومێد محەمەد راگەیاند، “حكومەتی عێراق بڕیاریداوە راگرتن گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی تا 31-5-2018 درێژبكاتەوە”.
29ی مانگی (ئەیلول/9)ی ساڵی رابردوو حكومەتی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییە نێودەڵەتییەكانی بۆ فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی راگرت، ئەوەش بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكاندا.
درێژكردنەوەی راگرتنی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی لەكاتێكدایە، لەماوەی رابردوودا چەندین كۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی هەرێم و بەغدا ئەنجامدراوەو هاوڵاتیان چاوەڕوانی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان بوون.
پێش راگرتنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكانی هەولێر و سلێمانی بەغدا حكومەتی هەرێمی ئاگاداركردەوە لەماوەی 72 كاتژمێردا فڕۆكەخانەكانی رادەستبكات، بەڵام هەرێم ئەو داوایەی رەتكردەوە.