سەعد حەدیسی رەتیدەكاتەوە هیچ گۆڕانكارییەك لەپڕۆژە یاسای بودجەدا كرابێت

حكومەتی عیراق رەتیدەكاتەوە هیچ گۆڕانكارییەك لەپڕۆژەیاسای بودجەدا كرابێت و پشكی هەرێمی كوردستان زیادكرابێت.

سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەئاژانسی سپۆتینگ-ی راگەیاندووە، پرۆژە بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2018 ماوەی 2 هەفتەیە رەوانەی پەرلەمان كراوەو لەئێستاشدا تەنها پەرلەمان دەتوانێت بڕگەكانی پرۆژەكە هەموار بكاتەوە، بەزیادكردن یاخود لابردنی بڕگەكانی.

وتیشی،حكومەت هیچ بڕگەیەكی پرۆژەیاسای بودجەی هەموار نەكردۆتەوەو هیچ بڕە پارەیەكیشی بۆ زیادنەكردووە‌و بەشە بودجەی هەرێمیش كە لەپرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ دیاریكراوە، بەهیچ شێوەیەك دەستكاری نەكراوەو هیچ بڕە پارەیەكیشی بۆ زیادنەكراوە.

ئەم لێدوانەی وتەبێژی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەكاتێكدا دێت، كە پێشتر دەنگۆی ئەو بڵاوكرابوەوە كە گوایە حەیدەر عەبادی بڕی یەك ملیار دۆلار بودجەی هەرێمی كوردستانی زیاد كردووە.