پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى عێراق یه‌كلاكرایه‌وه‌

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاشكراى كرد، پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ى 2018 دا یه‌كلاكرایه‌وه‌ و رێژه‌ى %14 جێگیركرا.

“ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید” بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق راگه‌یاند “په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ لیژنه‌ى دارایى داواكارییه‌كانى فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانیان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كردووه‌ و بۆ په‌رله‌مانتارانیان سه‌لماندووه‌ كه‌ دیاریكردنى رێژه‌ى 12.67% ى بودجه‌ى عێراق بۆ هه‌رێم هیچ بنه‌مایه‌كى یاسایى نییه‌، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی پلاندانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ رێژه‌ی هه‌رێم 14% یه‌”.

ناوبراو ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو “په‌رله‌مانتارانى عێراق داوایان كردووه‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ى عێراق بكرێته‌ 14% و ئه‌و رێژه‌یه‌ش جێگیر بكرێت، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ش كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراوه‌وه‌ ده‌ستم كه‌وتووه‌، ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2018 ى عێراقدا جێگیركراوه‌”.

پێشتر حكومه‌تى عێراق له‌ ره‌شنوسى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى 2018 دا پشكى هه‌رێمى كوردستانى كه‌مكردبووه‌وه‌ بۆ رێژه‌ى 12.67%، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تى په‌رله‌مانتارانى كورد و حكومه‌تى هه‌رێمى لێكه‌وته‌وه‌.