بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو مەرزی پەروێزخان و مونزریە كە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدایە، پارێزگای دیالە داوای كردنەوەی مەرزێكی نوێ لەسنووری مەندەلی دەكات بەناوی سۆمەر.
راوێژكاری پارێزگاری دیالە بۆ كاروباری ئابووری راسم عگێدی رایگەیاند: بۆ بوژاندنەوەی جموجوڵی ئابووری و رەخساندنی هەلی كار بۆ بێكارانی ناوچەكە بەرەسمی داوایان لەوەزارەتی دارایی كردووە رەزامەندی دەربڕێت لەسەر كردنەوەی مەرزی سۆمەر لەناوچەی مەندەلی.
وتیشی بەكردنەوەی مەرزی سۆمەر، هەردوو مەرزی مونزریەو پەروێزخان دادەخرێن.
هەروەها ئەوەشی نەشاردەوە كە “لەوەتەی كارەكانی مەرزی مونزریە گواستراوەتەوە بۆ مەرزی پەروێزخان، شاری كەلار گەشەسەندنێكی گەورەی ئابووری و ئاوەدانكردنەوەی بەخۆوە بینیوە”.
بەغدا مەرزی پەروێزخان بەنارەسمی دەزانێت كە لەپێش پرۆسەی ئازادییەوە كراوەتەوەو حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی دەكات.