خەرجكردنی مووچەی وەزارەتەكانی پەروەردەو تەندروستی تەنها ئیمزای عەبادی ماوە

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت: كە لیژنەكانی ووردبینی مووچەی فەرمانبەران لە دوو وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی كارەكانیان تەواوكردوە  بۆ خەرجكردنی مووچەی ئەو وەزارەتانەش تەنها ئیمزای عەبادی ماوە.

لەوبارەیەشەوە  دكتۆر (عیزەت سابر) سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: كاری لیژنەكانی ووردبینیكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ دوو وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی تەواوبووەو ئەگەر (حەیدەر عەبادی ) سەرۆك وەزیرانی عیراقیش رەزامەندی لەسەر بدات رەنگە مووچەی مانگێك یان دوو مانگی فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتانە رەوانە بكرێت.

وتیشی: ئەگەر بەغداش مووچەیەك رەوانەی هەرێم بكات بەو مانایە نایەت كە گرفتەكانی پەیوەست بەو بوارە كۆتاییان هاتووە بەڵكو بەردەوامی پێدانی ناردنی مووچە بەندە بە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداوە لەسەر كێشەو ناكۆكیەكانیان  كە دۆسیەی داهاتی فرۆشتنی نەوت لەپێشی هەموویانەوەیە.

لەلایەكی دیكەوە  دكتۆر (خالس قادر) وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند: تائێستا لیژنەكانی ووردبینی بۆ ناردنی مووچە دوو راپۆتیان بە كارەكانیان ئاستەی نوسینگەی (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیران كردوەو راپۆرتەكانیش راستی و دروستی لیستی مووچەكانیان لەبەغدا پشتراستكردۆتەوە بۆیە ئەگەر بەغدا لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانبێت هیچ بیانوو رێگریەكی نەماوە.