هاووڵاتیانی هه‌ڵه‌بجه‌و كرماشان بێ پاسپۆرت گه‌شت ده‌كه‌ن

له‌ هه‌واڵێكدا كه‌ له‌ ئاژانسه‌كانی ئێران بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، بڕیاردراوه‌ بۆ له‌مه‌ولا هاووڵاتیانی هه‌ڵه‌بجه‌و كرماشان به‌بێ پاسپۆرت و له‌ڕێگه‌ی خاڵی سنووری شوشمێ ساڵانه‌ چه‌ندجارێك سه‌فه‌ر بكه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌، كۆنووسێك له‌نێوان پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و كرماشان ئیمزا كراوه‌، كه‌ له‌كاتی به‌نێوده‌وڵه‌تی كردنی خاڵی سنووری شوشمێ و ته‌وێڵه‌، هاووڵاتیانی ئه‌و دوو پارێزگایه‌ ده‌توانن له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا 5 جار و به‌بێ پاسپۆرت سه‌ردانی شاره‌كه‌ی تر بكه‌ن و هه‌رجارێكیش ده‌توانن ماوه‌ی 7 رۆژ بمێننه‌وه‌.

هۆكاری ئه‌و بڕیاره‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هاووڵاتیانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی زۆر سه‌ردانی شاری كرماشان ده‌كه‌ن له‌ ئێران و هه‌روه‌ها بۆ گه‌یشتنیش به‌ ئێران له‌چاو خاڵی سنوری باشماخ كاتی كه‌متری ده‌وێت. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیش به‌سووده‌ بۆ هه‌ردوولا.