پرۆژەی دانانانی جۆزەی 20 ئەمپێریی بۆ شاری سلێمانی رادەگیرێت

بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، پرۆژەی دانانانی جۆزەی 20 ئەمپێریی بۆ شاری سلێمانی راگیراوەو لەبری ئەوە پێوەری زیرەک بۆ ماڵان دادەنرێت.
 
سالار حسامەدین، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی راگەیاند ”دوای ئەوەی لە ناوچەکانی بازیان، دوکان، پیرەمەگرون و شارباژێڕ پرۆژەی دانانی جۆزەی 20 ئەمپێریمان جێبەجێکرد، لە ئێستادا لە سنوری شارەزوور، هەڵەبجەی تازە، عەربەت و ناحیەی سیروان کاری دانانی جۆزەی 20 ئەمپێریی دەکرێت”.

وتیشی: “بەڵام لە شاری سلێمانی پڕۆژەی 20 ئەمپێریی راگیراوە، لەبەرامبەردا لە ئێستادا وەزارەتی کارەبا هەنگاوەکانی پێوەری زیرەکی خێرا کردوە کە بۆ ماڵەکانی سلێمانی دادەنێت.”

بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی بۆ خه‌ندان ئاماژەی ئەوەش کرد کە لە چەند مانگی داهاتوو دا گرێبەست دەکەن بۆ ئەو پڕۆژەی پێوەری زیرەکە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، “دوای دانانی ئەو پێوەرە زیرەکە، پێویست ناکات جۆزەی 20 ئەمپێری لە ناو شاری سلێمانی دابنێین و کۆتایی پێدەهێنین”.

سالار حسامەدین لەبارەی ئەو پێوەرە زیرەکەوە روونیکردەوە، کە یەکێک لە کارەکانی پێوەری زیرەک دیاریکردنی کارەبای ماڵانە، “هەمان کار کە جۆزەی 20 ئەمپێری دەیکات، پێوەرەکە بەشێوەیەکی باشتر دەیکات، بۆیە ئەو پڕۆژە 20 ئەمپێرییە رادەگرین تا وەڵامی تەواوی پێوەری زیرەکمان پێدەگات”.

بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی لەبارەی پێوەری زیرەکەوە روونکردنەوەی زیاتری دا و وتی: “پێوەری زیرەکی ماڵان لە دەرەوەی ماڵەکان لە سەر ستوونی کارەبا دادەنرێت، هەموو کارەکانی کۆنتڕۆڵ دەکرێت لە رێگەی بەرنامەیەکەوە لە سەنتەی ناوەندی شارەکەدا. کۆنتڕۆڵکردنی کارەبای ماڵان بەشێوەی وایەرلێس دەبێت و هەموو سەرپێچیەکان لەو رێگەیەوە دەگوازرێتەوە.”

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە پلانیان هەیە کە هاوڵاتیان وەکو کارتی مۆبایل، باڵانسی کارەبا بکڕێن و کارەبا بەکاربهێنن.