هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەكانی جیهان لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەرزبووەوە بۆ 3.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
ئاژانسی ڕۆیتەرز، لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگادار لەوەزارەتی نەوتی عێراقەوە بڵاویكردەوە، لەسەرەتای ئەم مانگەوە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ 3.5 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بەرزبووەتەوە.
عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەرێكخراوی ئۆپیكدا دوای سعودییە، رێكخراوی ئۆپیكیش لە مانگی (ئایار/5)ی ساڵی رابردوودا رێككەوتنەكەی بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان تا كۆتاییەكانی مانگی ئاداری 2018 درێژكردەوە بە ئامانجی پاڵپشتی نرخی نەوت.
عێراق دەیەوێت گۆڕانكاریی بكات لە مەرجی ناو ئەو گرێبەستە نەوتییانەی كە وای دەبینێت چیتر لەبەرژەوەنیدا نییە دوای دابەزینی نرخی نەوت كە سێ ساڵ پێش ئێستا نرخی هەر بەرمیلێك 100 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بۆ 61 دۆلار دابەزیووە.