ڤەنزوێلا دراوێكی نوێی ئەلكترۆنی دەخاتە بازاڕەوە

حكوومەتی ڤەنزوێلا جۆرە دراوێكی نوێ بە ناوی پترۆ دەخاتە بازاڕەوە كە دراوێكی نافەرمییە و تەنیا لە ناوخۆدا كاری پێ دەكرێت.

بە گوێرەی “بی بی سی” بۆ پشتیوانی ئەم جۆرە دراوە، حكوومەت رای گەیاندووە سەرچاوە نەوتییەكانی وڵات بە پشتیوانی سەرەكی هەژمار كراوە و نرخەكەشی لە نرخی بەرمیلێك نەوت نزیكە.

حكوومەتی ڤەنزویلا گوتوویەتی هاووڵاتییان دەتوانن بەم دراوە باج و ماڵیاتی خۆیان بە حكوومەت بدەن.

هەندێك پسپۆڕی ئابووری دەڵێن ئەم هەنگاوەی ڤەنزوێلا یارمەتی ئەو وڵاتە دەدات سزاكانی ئەمەریكا و ئەوروپا پووچەڵ بكاتەوە كە رێ بەو وڵاتە نادەن لە هیچ وڵاتێكی تر پارە قەرز بكات.

ماوەی رابردووش ئەنجوومەنی نوێنەرانی ڤەنزوێلا ئاشكرای كرد كە رێژەی هەڵاوسان لە نرخی شتومەك لە وڵاتەكەیان لە ماوەی ١٢ مانگی رابردوودا بریتی بووە 4068%.

یەكێك لە گرنگترین ئەو هۆكارانەی وای كرد ئابووری ڤەنزوێلا بە رێژەیەكی بەرچاو پاشەكشە بكات، بریتی بوو لە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا. ئەو وڵاتە تووشی كەمیی دەرمان، خۆراك و پێداویستی تر بووە و رۆژ بەرۆژیش شتەكانی بازاڕ گرانتر دەبن و نرخی دراویش كەمتر دەبێت.

ڤەنزوێلا كەوتووەتە بەشی باكوری ئەمەریكای باشوور و پایتەختەكەشی كاراكاسە. ڤەنزوێلا لە زمانی لاتینی بە واتای ڤەنیزیای بچووك دێت. كاتێك یەكەم جار ئەم شوێنە لە لایەن ئەوروپییەكانەوە دۆزرایەوە، بینییان خەڵك ماڵی خۆیان لەسەر ئاو بنیات ناوە، بۆیە ئەو ناوەیان لا پەسند بووە.

پێشتر ڤەنزوێلا لە ژێر داگیركاری ئیسپانیادا بوو، بەڵام ئێستە كۆمارێكی فیدراڵە. لە ڤەنزوێلا سەرۆك كۆمار لە رێی هەڵبژاردن دەستنیشان دەكرێت و سەرۆك كۆمار بەرپرسیارێتی سەرەكی لە حكوومەت و دەوڵەتدا هەیە كە ماوەكەی شەش ساڵە و بۆی هەیە بۆ جاری دووەم خۆی هەڵبژێرێتەوە.