هاوڵاتیه‌كی سلێمانی ئەزموونی 20 ساڵ كاركردنی له‌ هونەری نەخشاندن هه‌یه‌

هونەری نەخشاندن (زەخرەفە) لە شارستانییەتی ئیسلامیدا پۆلێنكراوە بۆ دوو جۆر (زەخرەفەی ئەندازیاریانە، زەخرەفەی رووەكی).

لە هەرێمی كوردستان لە كۆندا گرنگی زۆر بەم هونەرە دراوە و منارە و مزگەوتەكان كاری خۆشنووسی و زەخرەفەی سەرنجڕاكێشیان تیادا كراوە و زۆرێكیان تا ئێستا وەك خۆیان ماونەتەوە، بەڵام وەك شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن لە ئێستادا بە هۆی زۆر هۆكارەوە ئەم هونەرە پەراوێز خراوە و كاری جددی لەسەر ناكرێت.

نەهرۆ قادر رەشید لەدایكبووی ساڵی 1977ە و دانیشتووی شاری سلێمانی-یە، ئەو ناوێكی دیاری هونەری زەخرەفە و خۆشنووسییە لە هەرێمی كوردستان و ئەزموونی 20 ساڵ كاركردنی لەو بوارەدا هەیە، مامۆستای ئەكادیمیای روقعە و دیوانیە، لەماوەی ئەزموونی كاركردنیدا توانیویەتی ئەم هونەرە بەرجەستە بكات لە رووی زانستی و پراكتیكە و چەندین خەڵاتی لەسەر كارەكانی وەرگرتووە لە ڤێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكاندا.

نەهرۆ لە ئێستادا لە یەكێك لە مزگەوتە گەورەكانی شاری سلێمانی كە لە قۆناغی تەواوبووندایە، سەرقاڵی كارەكەیەتی و لە منارە و میحرابی مزگەوتەكەدا كاری زەخرەفە و خۆشنووسی دەكات، هەرچەندە تا ئێستا نیوەی كارەكەی تەواو بووە، بەڵام جێگای سەرنجی ئەو كەسانەیە كە لە نزیكەوە سەردانیان كردووە.

ئەو لەنێو منارەی مزگەوتەكە و لە بەرزی 30 مەترەوە سەرقاڵی زەخرەفە و خۆشنووسییە، ئەوەش كارێكی زەحمەتە و وردەكارییەكی زۆری دەوێت. لە میانی كاركردندا و لە بارەی هونەرەكەوە  دواو وتی: “هونەری خۆشنووسی و زەخرەفە یەكێكە لە هونەرە زۆر جوان و كاریگەرییەكانی مێژووی مرۆڤایەتی، ئەم هونەرە هونەرێكی ئیسلامی زۆر گەورەیە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا و هونەرمەندە ئیسلامییەكان بەردەوام ئیشیان كردووە بۆ ئەم جوانكارییانە و زیاتر برەویان پێداوە، لەو نێوەندە دوور و درێژەشدا زیاتر لە سەردەمی عوسمانییەكاندا چڕ بووەتەوە كە ئیتر جوانی و نەزم و قاعیدە و ئەو شتانەی كە هونەرەكە پێویستی پێیەتی كراوە، لەم سەردەمەشدا (سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی) كە زیاتر لە یەك لەسەر سێی گۆی زەوی بەدەستەوە بووە، هەموو میلـلەتانی ئەم قەوارە گەورەیە كاریان كردووە بۆ ئەم هونەرە و هەریەكە و بەشی خۆی خزمەتی بە هونەرەكە كردووە و لە كۆی كارەكەشدا خزمەتە بە هونەری ئیسلامی”.

نەهرۆ قادر كە زۆر خۆی ماندوو دەكات بە كارەكانییەوە و دەیەوێت جوانییەكانی ئەم هونەرە وەك خۆی بهێڵێتەوە و قوربانی زۆر بۆ ئەو مەبەستە دەدات، باس لەوە دەكات، هونەری زەخرەفە و خۆشنووسی لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەوە گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان، بەڵام نیگەرانە لەوەی لە ئێستادا وەك پێویست گرنگی بەو هونەرە نادرێت.

ئەو وتی: “لە هەرێمی كوردستان دەتوانین بڵێن ئەم هونەرە بە هونەرێكی پەراوێزخراو سەیر بكرێت، ئەوەش هۆكاری سیاسی و باوەڕ و مەبدەئی لە پشتەوەیە، پێویست دەكات دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەی ئێمە وەك هونەرێكی گەورە و عەریق سەیری بكەن، بەڵام بەداخەوە نەك گرنگیان پێنەداوە پەراوێزیش خراوە و ئەگەر هەوڵێكیش هەبێت وانازانم پشتگیریشی بكەن، لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان مامۆستای زۆر گەورەی لەم بوارەدا هەیە كە لەسەر ئاستی جیهان نموونەیان كەمە و پرس و راوێژیان پێدەكرێت”. 

نەهرۆ ئەوەشی وت “بە هۆی ئەوەی شتی وامان نەبووە پێشكەش بكرێت، ئەم كارەی ئێستا من دەیكەم جۆرێكە لە پێشكەشكردنی ئەو هونەرەی كە پێویستە قوربانی بۆ بدەین و بتوانین ئەم هونەرە جارێكی تر بناسێنینەوە، چونكە ئەم جیلەی ئێستا دەژین رەنگە نەزانن ئەم هونەرە چییە، بۆیە ئەم هەنگاوێكە بۆ ناساندن”. 

هونەری زەخرەفە و خۆشنووسی هونەرێكی كۆنە و زیاتر كاری دەستییە، لە بارەی ئەوەی لەم هونەرەدا تا چەند سوود لە تەكنەلۆجیا و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان وەردەگیرێت، نەهرۆ قادر لە وەڵامدا وتی: “ئەو كارەی من كارێكی پیشەیی دەستییە و بابەتێك نییە ئامێرێكی ئەلیكترۆنی بیكات، ئەو ئامێرانەش ناتوانن ئەو رووحیەتە هونەرییە ببەخشن چونكە شتێكی بێ‌ رووحە، بۆیە ئەوەی من بەكارم هێناوە هەموو كارەكانی كاری دەستن و تییدا ناوەڕۆكی كارەكەشم بناغەیەكی هەیە، بۆ نموونە ئەو جۆری هێڵەی بەكارم هێناوە و ئەم تابلۆیەی هەیە هی گەورە خۆشنووسی كورد حامید ئامێدی-یە كە كۆتا خۆشنووسەكانی سەردەمی عوسمانی بووە”.

نەهرۆ بۆ ئەوەی كارێكی جۆری و جوان بكات بە دوای زۆر سەرچاوەی تایبەت بەو بوارە گەڕاوە، وەك خۆشی دەڵێت، جۆری ئەو بۆیاخ و مادانەی بەكاری دەهێنێت لە جۆری بۆیاخی تایبەت بە وێنەكێشان و زەخرەفەیە و بۆ ماوەی 50 ساڵ دەمێنێتەوە.