وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاشكرای دەكات، رێژەی هەژاری بۆ لەسەدا 23 بەرزبۆتەوەو لەو پارێزگایانەش كە كەوتبوونە ژێر دەستی داعش رێژەی هەژاری بۆ لەسەدا 41 زیادیكردووە.
عەبد زەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانی عیراق رایگەیاند، ئەو پلانەی حكومەت لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2017 داینابوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵات لەدۆخێكی زۆر ئاڵۆزدا بووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی نرخی نەوت پاشەكشەی كردو رێكخراوی تیرۆرستی داعش سەریهەڵدا، ئەوانەش كاردانەوەی گەورەیان لەسەر تەشەنەكردنی رێژەی هەژاری هەبووە.
وتیشی، تائێستاش تاكە سەرچاوەی دابینكردنی داهاتەكانی بودجەی عیراق فرۆشتنی نەوتە، ئەوەش ئاستەنگێكی زۆر بەهێزە لەسەر بوژانەوەی ئابووریو زیادبوونی رێژەی هەژاری. وتەبێژی وەزارەتی پلاندانی عیراق رونیكردەوە، لەماوەی كەمتر لەساڵیكداو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتو هاتنی داعشو ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتیانی، رێژەی هەژاری لەسەدا 15وە بۆ لەسەدا 23 بەرزبۆتەوەو لەو پارێزگایانەش كە كەوتبوونە ژێر دەستی داعش رێژەی هەژاری لەسەدا 21وە بۆ لەسەدا 41 بەرزبۆتەوە.