وەزارەتی نەوتی عیراق رایدەگەیەنێت، لەكۆتایی ئەم هەفتەیەدا جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عیراق سەردانی توركیا دەكاتو تاوتوێی دۆسیەی هەناردەكردنەوەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە دەكەن.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، لەسەر داوای حكومەتی توركیا لەكۆتایی ئەم هەفتەیەدا جەبار لعێبی بەسەرۆكایەتی وەفدێكی باڵا سەردانی ئەو وڵاتە دەكاتو لەگەڵ هاوتا توركیەكەی كۆدەبێتەوەو گفتوگۆ لەسەر بەهێزكردنو فراوانكردنی پەیوەندیەكانیان لەبواری وزەو نەوت دەكەن، بەتایبەت دۆسیەی هەناردەكردنەوەی نەوتی عیراق لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە.
وتیشی، ئامانجی ئەم سەردانەی وەزیری نەوت ئەوەیە پردێكی بەهێزی متمانە لەنێوان عیراقو توركیا دروستبكاتو بگەنە رێكەوتنێكی كۆتایی تاوەكو بەتەنها لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە نەوت هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا بكرێت. جیهاد رونیكردەوە، ئەم سەردانە تەواوكاری دانوستانەكانی ساڵی رابردوو دەبێتو دواش لەكۆمپانیاكانی توركیا دەكرێت وەبەرهێنان لەكەرتی نەوتی عیراقدا بكەن.