عەبادی: كاتێك فڕۆكەخانەكانی هەرێم دەكرێنەوە كە هەمو داواكارییەكانمان بەدیهاتبن

سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رایگەیاند كاتێك راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لەسەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم هەڵدەگیرێن كە هەمو داواكارییەكانی حكومەتی فیدراڵ بەدیهاتبن. ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر رایگەیاندبو بەم نزیكانە ئەو فڕۆكەخانانە دەكرێنەوە.

ئەو وتانەی عەبادی ئێوارەی ئەمڕۆ(سێشەممە) لەمیانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا هاتن لەبەغدا ئەوەش پاش كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.

حەیدەر عەبادی جەختیشی كردەوە كە لەهەمو وڵاتانی دنیادا دەروازە سنورییەكان لەژێر ركێفی دەسەڵاتی فیدراڵدان.

پێشتر حەیدەر عەبادی لەپەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیا رایگەیاندبو كە بەم نزیكانە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بەڕوی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا دەكرێنەوە.