حكومه‌تی رووسیا 36 تانكی جۆری T90S راده‌ستی سوپای عێراق ده‌كات

حكومه‌تی رووسیا 36 تانكی جۆری ” تی 90 ئێس” راده‌ستی سوپای عێراق ده‌كات، سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای عێراقیش ده‌ڵێت” یه‌كه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی زرێپۆش دروست ده‌كه‌ن.

عوسمان غانمی سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای عێراق، له‌ میانی سه‌ردانیكردنی ناوه‌ندی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌سره‌ له‌ لێدوانێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد وڵاته‌كه‌ی له‌ كۆی 73 تانكی جۆری” تی 90 ئێس” كه‌ ساڵی رابردوو داوای كڕینی له‌ رووسیا كردبوو، 36 دانه‌یانی وه‌رگرتووه‌. 

عوسمان غانمی باسی له‌وه‌شكرد ئه‌و ژماره‌ تانكانه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ له‌ مانگی نیسانی داهاتوودا راده‌ستیان ده‌كرێت و دوای ئه‌وه‌ش یه‌كه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی زرێپۆش دروست ده‌كه‌ن. 

سوپای عێراق كه‌ له‌ كۆتایی ساڵی رابردوودا سه‌ركه‌وتنی به‌رامبه‌ر به‌ داعش راگه‌یاند، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌موكوڕییه‌كانی له‌بواری سه‌ربازییدا پڕبكاته‌وه‌.