سلێمانی خۆی بۆ نەورۆزێكی جیاواز ئامادە دەكات

وا بڕیارە لەشاری سلێمانی مەراسیمێكی تایبەت بە نەورۆز ڕێك بخرێت كە حەوت ڕۆژ دەخایەنێت و لە چەند شوێنێكی جیاجیای ئەو شارەدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر بەخۆیەوە دەبینێت.

بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند:” بڕیارمانداوە نەورۆزی ئەمساڵ مەراسیمێكی شایستە لەپاركی هەواری شارو گردی مامە یارە و تەلاری هونەر و چەند هۆڵێكی تری سلێمانی ساز بكەین”.

هەروەها وتیشی: مەراسیمەكە حەوت ڕۆژ دەخایەنێت و تێیدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت و هونەرمەندان و شاعیرانی هەر چوار پارچەی كوردستان بەشدار دەبن .

شاری سلێمانی مێژوویەكی دیاری لەگەڵ ئاهەنگی نەورۆزدا هەیە، بە تایبەتی شاعیر و ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی كورد پیرەمێرد، ئەم بۆنەیەی لە شاری سلێمانیدا كردووە بە نەریت و ساڵانە لە گردی مامەیارە یادی كردووەتەوە.