عه‌بدولوه‌هاب شوانى، به‌عه‌شق كۆمانده‌كاته‌وه‌


عه‌بدولوه‌هاب شوانى چاپى دووه‌مى كتێبێكى شیعرى خۆى به‌ناوى (عه‌شق واته‌ 1+1=1)، چاپ و بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ئاهه‌نگێكى تایبه‌ت بۆ یه‌كه‌مجار به‌ ستاندارى جیهانى كه‌ له‌هۆتێل چوارچرا له‌شارى هه‌ولێر بۆى ئه‌نجامدرابوو، بۆ ئاماده‌بووانى ئاهه‌نگه‌كه‌ واژووى له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ كرد. 

عه‌بدولوه‌هاب شوانى له‌باره‌ى كتێبى (عه‌شق واته‌ 1+1=1) ده‌ڵێ “ئه‌وه‌ى من له‌م كتێبه‌ نووسیومه‌ته‌وه‌ ئه‌زموونی عه‌شقى كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تییه‌ و عه‌شقى ئه‌زموون نه‌كراوى خۆمه‌، عه‌شق پرۆسه‌یه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌زموونه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت نه‌وه‌ك ئاخاوتنه‌وه‌”.

وتیشى”دواى 7 ساڵ خوێندنه‌وه‌ى قوڵم بۆ بابه‌تى عه‌شق و خوێندنه‌وه‌ى كتێب و واقیع، چاپى یه‌كه‌م به‌رهه‌م هات و دواى 5 ساڵ دیسان پێداهاتنه‌وه‌ و قوڵبوونه‌وه‌ به‌م بابه‌ته‌ چاپى دووه‌م به‌رهه‌مهات”. 

ئه‌و جه‌ختى كرده‌وه‌ “خوێنه‌ران له‌هه‌ر ئاست و به‌ره‌یه‌ك بن له‌عه‌شق له‌م كتیبه‌ خۆیان ده‌بیننه‌وه‌، ئامانجى من ده‌رخستنى هه‌موو لایه‌نه‌كانى عه‌شق بووه‌ تا هیچ پرسیارێك له‌زیهنى خوێنه‌ر و كه‌سى عاشق نه‌هێڵمه‌وه‌”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد “بۆ حه‌سانه‌وه‌ى میشكى خوێنه‌ر له‌كۆتایی كتێبه‌كه‌ دوو به‌شم زیاد كرد ئه‌ویش په‌یامى خۆشه‌ویستى له‌گه‌ڵ داستانى عاشقان”.  
عه‌بدولوه‌هاب شوانى نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌رى سینه‌مایی، هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ره‌ له‌كارگێڕى گشتى”زانـــكۆى دى نـیـمـس فـه‌ره‌نـسـا” نووسه‌رى  كتێبه‌كانى (444 شه‌و) و (وه‌زیرى ته‌نیایی) و (زمانى دایك) و (عه‌شق واته‌ 1+1=1) له‌گه‌ڵ (7) كورته‌ فیلم و نووسه‌ر و سیناریستى زنجیره‌ دراماى (وانه‌)یه‌، هه‌روه‌ها (4) كلیپى شیعرى هه‌یه‌، زیاتر له‌ (40) شیعرى كراوه‌ته‌ سروود و گۆرانى، دوا به‌رهه‌میشى كورته‌ فیلمى (مێگه‌له‌) كه‌ باس له‌شوانێك ده‌كات خه‌ون به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌بینێت.