ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئەندازیاری کشتوکاڵی بۆ سەرپەرشتی کردنی خانووە پلاستیەکان دابین دەکات


ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەهاوکاری لەگەڵ بەرێوبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی  هەوڵدەدات ئەندازیاری کشتوکاڵی بۆ سەرپەرشتی کردنی خانوە پلاستیەکان دابین بکات.

وەسفی خەلیل، راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند ”چەند مانگیکی دیکە بەرهەم هێنانی سەوزە و میوە لەخانووە پلاستیکانی هەڕیمی کوردستان  دەستپیدەکات بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین خولی مەشق و راهێنان بۆ ئەندازیارانی کشتوکاڵی بکەینەوە و ئامادەیان بکەین بۆ سەرپەرشتی کردنی خانوە پلاستیەکان و پێدانی رێنمایی بە جوتیاران”.

سەبارەت بەکێشە و گرفتەکانی خانوە پلاستیکیەکان وەسفی خەلیل وتی ”کێشە وگرفتەکان زۆرن، کوالێتی بەرهەمی خانووە پلاستیەکان لەئاستێکی بەرزدا نیە، بڕی بەرهەم هێنانی وەک پێویست نیە، لەڕووی جۆریشەوە بەرهەمەکانی خانوە پلاستیەکان کە لەسەدا ٨٠%ی جوتیارانی کوردستان تەنها خەیار دەچێنن، ئامانجی ئێمە لەکردنەوەی خولەکە چارەسەر کردنی سەرجەم ئەم کێشانەیە”.

راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد ئامانج لە کردنەوەی خولەکە بۆ ئەندازیارانی کشتوکاڵی ئەوەیە جوتیاران کەمترین بڕی سەماد و دەرمانی قڕکەر بەکاربهێنن و کوالیتی بەرهەمی خانوە پلاستیەکان بەرزتر بکەنەوە، وەسفی خەلیل وتیشی ” ئەم خولە بە سی قۆناغ بەرەیوەدەچیت قۆناغی یەکەمی بە سەرکەوتووی تەواو بووە ئێستا لە قۆناغی دووهەمداین کە ئەندازیاران وانەی تیۆریان پێدەوترێتەوە دەواتر لە قۆناغی سێهەمدا دەچنە بواری پراکتیکیەوە، و لەگەڵ کۆمپانیاکانی کشتوکاڵییە بیانیەکان  بۆ ماوەی سێ مانگ کاردەکەن دواتر بروانامەیان پێدەدرێت و دەبنە سەرپەرشتیاری خانووە پلاستیەکان”.

وەسفی خەلیل راشیگەیاند ”دابینکردنی سەرجەم پێداویستیەکانی ئەم خولە لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە دەبێت کە هەمیشە هەوڵیداوە کەرتی کشتوکاڵی بەرەو پێش بەرێت  و بەرهەمی ناوخۆی کوردستان زیاد بکات، چەندین پرۆژەشی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە”.