سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانی: بڕیاری تاپۆكردن ئه‌و خانوانه‌ ناگرێته‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماسته‌رپلانن


سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانی ده‌ڵێت بڕیاری تاپۆكردن ئه‌و خانوانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ زیاده‌ڕۆیین و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماسته‌رپلانی شاره‌وانیدان.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18-2-2018 یوسف یاسین سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد كه‌ بڕیاری تاپۆكردنی خانووه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زیاده‌ڕۆییه‌كان ناگرێته‌وه‌ و له‌سلێمانی 105 خانووی زیاده‌ڕۆ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت بڕۆخێندرێن و له‌بری ئه‌وه‌ زه‌وییان پێده‌درێت.

وتیشی: بڕیاری تاتوپۆكردن خانووی 313 كه‌س ده‌گرێته‌وه‌ و ناوه‌كانیان ئاماده‌یه‌ بۆ تاپۆكردن.

سه‌رۆكی شاره‌وانی ڕاشیگه‌یاند: بڕیارێك هه‌یه‌ به‌ ناوی بڕیاری ژماره‌ 6 كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ تاپۆكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و گوندانه‌ی كه‌ كه‌وتونه‌ته‌ ناو ماسته‌رپلانی شاره‌وانی له‌ ساڵی 2012، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ بكرێت 20 هه‌زار خێزان لێی سوودمه‌ند ده‌بن.

سه‌رۆكی شاره‌وانی داوای له‌ دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی كرد كه‌ ئه‌گه‌ر به‌نیازی كڕینی زه‌وی و زارن سه‌ردانی شاره‌وانی و تاپۆ بكه‌ن بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و زه‌وی و زاره‌ ئه‌وله‌ویاتیان هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ندێك كه‌س به‌بیانووی كڕین و فرۆشتنی زه‌وی قۆڵی خه‌ڵك ده‌بڕن.