ماڵپەڕێكی جیهانی: هاوڵاتیانی عیراق خەرجییەكانیان بۆ 7 بواردا دەڕوات‌


ماڵپەڕێكی جیهانی ئاشكرای دەكات، هاوڵاتیانی عیراق خەرجییەكانیان بۆ 7 بواردا دەڕوات‌و كڕینی ماددە خۆراكییەكان‌و نانخواردنیش لە چێشتخانە‌و ڕێستۆرانتەكان، نزیكەی نیوەی خەرجییەكانیان پێكدەهێنێت.

ماڵپەڕی (نومبیۆ) كە ماڵپەڕێكی جیهانییە‌و گرنگی بە بژێوی ژیانی هاوڵاتیان دەدات، ڕاپۆرتێكی لەسەر خەرجیی هاوڵاتیانی عیراق بڵاوكردۆتەوە‌و تیایدا ئاشكرایكردوە، خەرجی عیراقییەكان مانگانە بۆ 7 بوار دەچێت.

وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، هاوڵاتیانی عیراق لەسەدا 32 پۆینت 2ی پارەكانیان بۆ كڕینی ماددە سەرەكییەكانی خۆراك لە بازاڕەكان خەرج دەكەن، بە پلەی دووەمیش كرێی خانووبەرە دێت‌و لەسەدا 21 پۆینت 4ی خەرجیەكان دەبات.

هەروەها لەسەدا 14 پۆینت 5ی پارەی هاوڵاتیانی عیراقی لە چێشتخانە‌و ڕێستۆرانتەكان خەرج دەكرێت، لەدوای ئەویش هۆكارەكانی گواستنەوە لەسەدا 11 پۆینت 2ی خەرجیەكان دەبات.

راپۆرتەكەی ماڵپەڕی (نومبیۆ) ئاماژەی بەوەشكردوە، كە لەسەدا 9 پۆینت 8ی خەرجی عیراقییەكان بۆ وەرزش‌و گەشتكردن دەڕوات‌و كرێی خزمەتگوزاریەكانیش لەسەدا 8 پۆینت یەكی خەرجییەكان دەبات، كڕینی جل‌وبەرگ‌و پێڵاویش بە پلەی حەوتەم دێت‌و لەسەدا 2 پۆینت 8ی خەرجی عیراقییەكان پێكدەهێنێت.