فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، نوسراوێكی ساختە بەناوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە لە چەند ڕاگەیاندنێكەوە بڵاوكراوەتەوە، كە گوایە سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەبارەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم و دەشڵێت: “بەهەموو لایەكی ڕادەگەیەنین، كە ئەو نوسراوە ساختەیە و ڕاست نیە”.
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا، رایگەیاند ئەو نوسراوەی، كە پێشتریش بڵاوكرایەوە هەرچەندە تائێستا بە فەرمی بە ئێمە نەگەیشتووە، تایبەت بووە بە كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان تەنها بۆ سەفەری حەج و عومرە، نەك سەرجەم گەشتە دەرەكییەكان.
ئەمەش لەكاتێكدایە بەپێی نوسراوێكی دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنیی، كە لە 7ی 2ی 2018 دەرچووە وێنەیەكی لای “میللەت”ە تێیدا هاتووە، بەفەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بریاری كردنەوەی هەردوو فرۆكە خانەی نێودەوڵەتی هەولێرو سلێمانی دراوە، ئاماژە بەوەش كراوە حكومەتی عێراق لەبەرامبەر بریاری دەستپێكردنەوەی گەشتی هەردو فرۆكەخانەكە مەرجی بۆ هەرێم داناوە.
لە نوسراوەكەدا باس لەوەشكراوە، بڕیارەكە لە 28ی ئەم مانگە جێبەجێ دەكرێت، بەو مەرجەی زانیاریمان لەبارەی ژمارەی گەشتە ئاسمانییەكان لەو دوو فڕۆكەخانەیە پێبدرێت.
روونكردنەوەیەك لەسەر بڵاوكردنەوەی نوسراوێكی ساختە لەهەندێك له كەناڵەكانی ڕاگەیاندن:
دوایی بڵاوكردنەوەی نوسراوێكی ساختە بەناوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە لە چەند ڕاگەیاندنەوە كە گوایە سەرۆك وەزیرانی عیراق رەزامەندی دەربڕیوە لەبارەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم بەهەموولایەكی ڕادەگەیەنین كە ئەو نوسراوە ساختەیە و راست نیە. دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو نوسراوە ئەندازیار تاهر عبدالله قادر بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانە پەیوەندی كرد بە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەغدا، ئەوانیش ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد، ئەو نوسراوە ساختەیە و هیچ رۆژێكی دیاریكراونیە لەبارەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانەوە. بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێوەدەوڵەتی سلێمانی راشیگەیاند: ئەو نوسراوەی كە پێشتریش بڵاوكرایەوە هەرچەندە تائێستا بە فەرمی بە ئێمە نەگەیشتووە، تایبەت بووە بە كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان تەنها بۆ سەفەری حەج و عومرە، نەك سەرجەم گەشتە دەرەكییەكان.