داواكاری ئەمریكییەكان بۆ وەرگرتنی بیمەی بێكاری بەرزبۆتەوە

داواكاری ئەمریكییەكان بۆ وەرگرتنی بیمەی بێكاریی، بەربەستی نزمترین ئاستی خۆی لە 45 ساڵی رابردوودا شكاند‌و بەڕێژەیەكی كەم بەرزبوەوە.

وەزارەتی كاری ئەمریكا ئاشكرایكردوە، بەهۆی وەرزی زستانەوە كە كاریگەری لەسەر بازاڕی كار هەیە، لە هەفتەی رابردوودا داواكاری بێكاران بۆ وەرگرتنی بیمەی بێكاری 7 هەزار زیادیكردووە‌و گەیشتۆتە 230 هەزار داواكاری، ئەوە لەكاتێكدایە كە لەناوەڕاستی مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵدا، داواكاری بێكاران بۆ وەرگرتنی بیمەی بێكاریی بۆ 216 هەزار كەس دابەزی‌و نزمترین ئاستی لەماوەی 45 ساڵی رابردوودا تۆماركرد.

بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان، ماوەی 4 هەفتەیە تێكڕای ژمارەی ئەو كەسانەی داوای بیمەی بێكاریان كردووە، بەڕێژەی 3500 كەس زیادیكردووە‌و گەیشتۆتە 228 هەزار‌و 500 كەس، بەبڕوای پسپۆڕانی ئابووریش ئەو ژمارەیە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەگاتە 230 هەزار كەس.

وەزارەتی كاری ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردوە، ڕێژەی بێكاری لەسەدا 4 پۆینت یەكە‌و نزمترین ئاستە لەماوەی 17 ساڵی رابردوودا، هەروەها بازاڕی كاریش لە دۆخێكی زۆر باشدایە‌و توانای لەخۆگرتنی بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی هەیە كە بەدوای كاردا دەگەڕێن.