شێركۆ جه‌وده‌ت: رێککەوتنی مەبدەئی لە نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر داھاتی ناوخۆ ھەیە

سه‌رۆكی لێژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، شێركۆ جه‌وده‌ت رایگەیاند “رێککەوتنی مەبدەئی لە نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر بازگە و خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و داھاتی ناوخۆ ھەیە”.

شێركۆ جه‌وده‌ت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ ئاماژە بۆ کێشەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەکات لەوبارەوەی کە پەیوەستە بە پرسی نەوت و غاز رایدەگەیەنێت “ئێستا ھەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت و ھەناردەیان دەکات لە رێگەی بۆڕی نەوتەوە و ھەندێکیشی لە رێگەی تانکەرەوەیە، ئێستا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا نەوت بووەتە ئەو گرێیەی ھێشتا چارەسەر نەبووە، دەتوانیین بڵێین ٧٠ لەسەدی رێککەوتنەکان لەسەر کەرتی نەوت و غاز تەواوبوون، بەڵام رێژەی ٣٠ لەسەدی مەسەلەکە ماوە کە پەیوەندیی ھەیە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گرێبەستە نەوتییەکان و لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیھانییەکان، ھەروەھا مەسەلەی لێپرسینەوە و وردبینی لەو داھات و زانیارییانەی لەبەردەستدان، چونکە بە پێی ماددەی ١١١ و ١١٢ی دەستووری عێراق، ھەرێمی کوردستان بۆی ھەیە وەبەرھێنان بکات لەو کێڵگانەی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەژێر دەستی ھەرێم بوون، بەڵام بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەغدا و بە زانیاریی بەغدا”.

دەشڵێت “ئێستا لە قۆناغی ئەوەن ھەنگاو بنێین بۆ چارەسەر، بەڵام ھێشتا ئەو ٣٠ لەسەدە ماوە چارەسەر نەکراوە”.

سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە ئەنجام و چارەسەری کێشەکانی نێوان ھەردوولا، شێرکۆ جەودەت روونی دەکاتەوە “گەیشتن بە ئەنجام و رێککەوتن ئاسان نییە، بەڵام مومکینە، دواجار پێموایە بە فشاری دەرەکی و ناوخۆیی ئەو مەسەلەیە چارەسەر دەبێت”.

سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان  باسی لە قەرزەکانی سەر حکوومەتی ھەرێم کرد کە بوون بە کێشەیەک و وتی: “چارەنووسی قەرزەکان چارەسەری ھەیە ئەگەر بێت و پێکھاتن ھەبێت و رێککەوتن و تەنازول ھەبێت لە نێوان ھەردوولا بە پێی دەستوور، ئەو کاتەش دەبێت یاسای نەوت و غاز لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند بکرێت کە ئەو مەسەلەیە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ناوەند چارەسەر دەکات”.

سه‌رۆكی لێژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، شێركۆ جه‌وده‌ت سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە پرسی نەوت وتی: “ھەر لە سەرەتاوە بڕینی بوودجەی ھەرێمی کوردستان و مووچە لە لایەن بەغداوە بە ھۆی ئەوەوە بوو کە ھەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بەسەربەخۆ فرۆشت و وەکو کاردانەوەی ئەوەی کۆنتڕۆڵی نەوت بە دەستی ھەرێمی کوردستان بوو، ئێستاش ئەوەی ماوە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بکرێت مەسەلەی نەوتە، دوای ئەوەی فڕۆکەخانەکان و بازگەکان و خاڵە گومرکییەکان و داھاتی ناوخۆ پێکھاتنی مەبدەئیی لەسەر کراوە، ئەوەی کە گرێیە لە مەسەلەکاندا پەیوەندیی بە گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە جیھانییەکانەوە هەیە، بەغدا چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، چۆن مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیای روزنەفت بکرێت بەتایبەت بۆ نەوتی کەرکووک و کێلگەکانی تر کە لە پێنج کێڵگە ھەیە لە ھەرێمی کوردستاندا. بۆیە گرێبەستەکان بوونەتە گرێ، داھاتەکان لە کوێیە و چۆن خەرج دەکرێت ئەوەش گرێیە، راپۆرتەکانی وردبینی ھێشتا بۆ بەغدا لەسەر داھاتەکان روون نییە، ناتوانیین بڵێین چارەسەری ئەم کێشەیە نییە، مومکیینە، بەڵام دەیەوێت”.