بەهۆی رێگرییەكانی بەغدا لە هەناردەكردنی مریشك لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی تری عیراق، نرخی مریشك هەرزان بووەو هیچ هۆكارێكی نەخۆشی لە پشتەوە نیە.
(گۆران قادر) سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: هەرزان بوونی نرخی مریشك دوو هۆكاری هەیە، یەكەم ئەوەیە حكومەتی عیراق هەناردەكردنی مریشكی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ شارەكانی عیراق ڕاگرتووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەو شارانە حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمار كراوەو بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكە هاوردەكردنی مریشكی ڕاگرتووە.
وتیشی: بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ئێستادا هاوڵاتیان ناتوانن ئەو بەرهەمانە بكڕن، بەرهەمهێنانی مریشكیش لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان زۆرە، بۆیە لە بازاڕكان دەمێنێتەوەو كەڵەكە دەبێت، ئەوەش هۆكارێكی ترە بۆ ئەوەی نرخەكەی هەرزان بێت.
گۆران قادر ئاماژەی بەوەشكرد، هەتا ئێستا لە هەرێمی كوردستان هیچ حاڵەتێكی توش بوون بە ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمار نەكراوەو هەرزان بوونی نرخی مریشك پەیوەندی بە نەخۆشیەوە نیە.