لەماوەی 10 مانگدا 500 هەزار گەشتیار لە باشماخەوە هاتووچۆیان كردووە

(بەختیار ڕەحمانی پوور) بەڕێوەبەری گشتی گومرگی پارێزگای سنە ئاشكرای دەكات، داهاتی گومرگەكانی سنە لەسەدا 150 بەرزبۆتەوە‌و تەنها لەماوەی 10 مانگیشدا نزیكەی 500 هەزار گەشتیار لەخاڵی سنووری باشماخەوە هاتووچۆیان كردووە.

(ڕەحمانی پوور) ئاماژەی بەوەشكردوە، لەماوەی ١٠ مانگی رابردوودا بەبڕی ٨٣٢ ملیۆن دۆلار كاڵا‌و شمەك لەرێگەی مەرز‌و گومرگەكانی سنەوە هەناردەكراوە، كە بەراورد بەساڵی رابردوو بەڕێژەی لەسەدا 23 بەرزبۆتەوە، هەر لەو ماوەیەشدا 52 هەزار تۆن كاڵا بەبڕی 58 ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی باشماخەوە هاوردەكراوە‌و كاڵاكانیش بریتی بوون لە كەرەستەی بەرهەمهێنان‌و مادەی سەرەتایی‌و چەند بەرهەمهێكی تر.

سەبارەت بە هاتووچۆی گەشتیارانیش وتی، لەماوەی 10 مانگی رابردوودا نزیكەی 500 هەزار گەشتیار لەخاڵی سنووریی باشماخەوە هاتووچۆیان كردووە‌و بەراورد بەساڵی پێشتر لەسەدا 10 زیادیكردووە. 

بەڕێوەبەری گومرۆكی پارێزگای سنە ڕوونیكردەوە، ئەگەرچی سنووری سەیرانبەن لەساڵی 2012وە وەكو سنوورێكی فەرمی لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ناسراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا حكومەتی عێراق وەكو مەرزێكی نێودەوڵەتی نەیناساندووە.