عه‌بادی: ڕێوشوێنی تایبه‌ت به‌رانبه‌ر شایسته‌ داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌گرینه‌ به‌ر

عه‌بادی ڕایگه‌یاند: ڕێوشوێنی تایبه‌ت به‌رانبه‌ر شایسته‌ داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ده‌گرنه‌ به‌ر، وتیشی‌: پرۆسه‌ی‌ ئاواه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عێراق هه‌موو پارێزگاكان ده‌گرێته‌وه‌.

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی‌ هه‌فتانه‌یدا ڕایگه‌یاند “ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی‌ عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خاڵه‌ سنوورییه‌كان داوه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمیش، سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراق وتی‌ “به‌م نزیكانه‌ ڕێوشوێنی تایبه‌ت به‌رانبه‌ر شایسته‌ داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرنه‌ به‌ر”.

له‌ چوارچێوه‌ی‌ باسكردن له‌ كۆنگره‌ی‌ ئاماوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عێراق كه‌ له‌ كوه‌یت به‌ڕێوه‌ چوو، عه‌بادی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ “پرۆسه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عێراق سه‌رجه‌م پارێزگاكانی‌ وڵات ده‌گرێته‌وه‌، واته‌ به‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌”.

ماوه‌یه‌كه‌ حكومه‌تی عێراق سه‌رقاڵی وردبینییه‌ له‌ لیستی فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان، تا ئێستاش جگه‌ له‌ خه‌رجكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ به‌نداوه‌كانی‌ هه‌رێم، به‌غدا مووچه‌ی‌ هیچ وه‌زاره‌تێكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ خه‌رج نه‌كردووه‌.