عیراقیەكان داوا دەكەن ئەو پارەیەی بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتەكەیان كۆكۆاوەتەوە لە ژێر سەرپەرشتی نێودەوڵەتیدا بهێڵرێتەوە.
بە هۆی ئەو شەپۆلە بارانەی بەشێك لە ناوچەكانی عێراقی گرتەوە زۆربەی گەڕەك و كۆڵانەكانی شاری موسڵ بۆتە زەلكاو و ئاویان تێدا كۆبۆتەوە و هاوڵاتیانی شارەكەش بەدەم نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاوەڕۆی شارەكەیانەوە دەناڵێنن.
هاوڵاتیانی ئەو شارە بە ئاژانسەكانی هەواڵیان ڕاگەیاندوە بەهۆی كردەوە سەربازیەكانی دژی داعشەوە شارەكەیان بۆتە وێرانەو زۆربەی تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆی موسڵ كاولكراون و ئەوەش بۆتە هۆی كۆبوونەوەی ئاوی باران لە گەڕەك و كۆڵانەكانی شارەكەیاندا.
یەكێك لە دانیشتوانی موسڵ بە ماڵپەڕی قودسی عەرەبی ڕاگەیاندووە بەهۆی گیرانی ئاوەڕۆی گەڕەكەكەیانەوە كۆڵانەكەیان بۆتە دەریاچەیەكی بچوك و زۆربەی گەڕەكەكانی تری ئەو شارە هەمان بارودۆخیان هەیە.
داواشی لە حكومەت كردووە بنیاتنانەوەی موسڵ و ناوچە كاولكراوەكانی شەڕی داعش بكاتە لە پێشینەی كارەكانی و داواشی كردووە بۆ پاراستنی لە دەستی گەندەڵكاران و بەفیڕۆدانی, ئەو پارانەی بۆ بنیاتنانەوی عیراق كۆكراوەتەوە بدرێتە دەستی لایەنی متمانە پێكراو و لە ژێر سەرپەرشتی نێودەوڵەتیدا بهێڵرێتەوە.