گەنەڵ ئینێرجی: 11 ملیۆن‌و 50 هەزار دۆلارمان لەحکومەتی هەرێم وەرگرت

کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ شایستە داراییەکانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردویان لەحکومەتی هەرێم وەرگرتووە، كه‌ بڕه‌كه‌ی 11 ملیۆن‌و 50 هەزار دۆلاره‌.
 
کۆمپانیاكه‌ ئەمڕۆپێنجشه‌ممه‌، لەماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردۆتەوە كه‌ لەگەڵ کۆمپانیا هاوبەشەکانی لەکێڵگەی نەوتی تەقتەق بڕی 11 ملیۆن‌و 50 هەزار دۆلاریان لەحکومەتی هەرێم وەرگرتووە، لەبەرامبەر کارەکانیانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوی کۆمپانیاکەو هاوبەشەکانی.
 
هاوكات مورات ئۆزگول، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی رایگەیاندووه‌، قەبارەی یەدەگی نەوتی کێڵگەی تەقتەق لەئەنجامی هەڵکۆڵینی بیری نەوتی نوێی کۆمپانیاکە بەڕێژەی لە 40% بەرزبۆتەوە.
 
ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ بەرزبونەوەی یەدەگی نەوتی تەقتەق دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە جێگیربێت.