عیراق داوادەكات بی پی وەبەرهێنان لەسەرجەم كێڵگە نەوتیەكانی كەركوك بكات

حكومەتی عیراق پێشنیار دەكات كۆمپانیای (بریتش پترۆلیۆم)ی بەریتانی وەبەرهێنان لەسەرجەم كێڵگە نەوتیەكانی پارێزگای كەركوكدا بكات.

(جەبار لعێبی) وەزیری نەوتی عیراق بەرۆژنامەی حەیاتی لەندەنی راگەیاندوە، وەزارەتەكەیان پێشنیاریكردووە، ئەو گرێبەستەی بەمەبەستی وەبەرهێنان لەچەند كێڵگەیەكی نەوتی پارێزگای كەركوك لەگەڵ كۆمپانیای (بریتش پترۆلیۆم) ئیمزا دەكرێت، سەرجەم كێڵگە نەوتیەكانی ئەو پارێزگایە بگرێتەوە.

راشیگەیاندوە، لەئێستادا ئەو كۆمپانیا بەریتانیە لێكۆڵینەوە لەپێشنیاری وەزارەتەكەیان دەكات‌و تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

(جەبار لعێبی) روونیكردەوە، وەزارەتی نەوتی عیراق لەساڵی 2014دا یاداشتێكی لێك تێگەیشتنی لەگەڵ  كۆمپانیای (بریتش پترۆلیۆم) ئیمزاكرد، بۆ پەرەپێدان‌و دۆزینەوەی نەوتی یەدەگ لە كێڵگەكانی بابە گوڕگوڕو هاڤانا لە پارێزگای كەركوك، بەڵام بەهۆی جەنگی داعشەوە هەموو شتێك راگیرا، هەر بۆیە لەئێستادا لەسەر یاداشتێكی لێك تیگەیشتنی نوێ‌ رێكەوتوون.