لێكۆڵینەوە لەسامان و داهاتی بەرپرسانی هەرێم و عیراق دەكرێت و دەبێت ئەستۆپاكی خۆیان و خێزانەكانیان پێشكەشبكەن.
دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە یاسای تایبەت بە دەستكەوتی نایاسایی لە عێراقی پەسەندكرا، لە ئێستادا حكومەتی عیراق جێبەجێكردنی ئەو یاساییەی دەستپێكردووە، كە بە بەگوێرەی ناوەڕۆكی یاساكەش دەبێت تەواوی بەرپرسانی باڵای عیراق و هەرێم ئەستۆپاكی دارایی خۆیان و خێزانەكانیان پێشكەشبكەن.
بەپێی ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكەی حكومەتی عیراق كە لە میدیاكان بڵاوكراوەتەوە، یاسای دەستكەوتی نایاسایی كە لە 20 مادە پێكدێت، تەواوی بەرپرسانی باڵای عیراق و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوەو پێویستە لەسەریان لەڕێگەی پڕكردنەوەی فۆڕمێكەوە، ئەستۆپاكی خۆیان و خێزانەكانیان پێشكەشی حكومەت بكەن.
هەروەها لە یاساكەدا جگە لەبەرپرسانی عیراق، ناوەڕۆكی یاسای دەستكەوتی نایاسایی بەسەر هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم جێبەجێدەكرێت، لەگەڵ تەواوی وەزیرو بەرپرسە حكومیەكانی دیكەو لەئەگەری زانینی ئەوەی كە بەشێوەی نایاسایی بەرپرس دەوڵەمەند بوە، ئەوە سزای یاسایی توند دەدرێت كە لەیاساكەدا دیاریكراوە.