بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم رایدەگەیەنێت، حكومەتی عیراق بڕی 80 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی رەوانەی هەرێم كردووە، بەڵام پارەی گەنمی جوتیارانی پارێزگاری هەولێر تا ئێستا رەوانە نەكراوە.
نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم رایگەیاند ” ئەو بڕە پارەیەی بۆ جوتیارانی پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی رەوانەكراون، پارەی فرۆشتنی گەنمی ساڵانی 2016- 2017 یە”.
راشیگەیاند، ئێستا لە پارێزگای سلێمانی دەست بە پرۆسەی دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیە بەسەر جوتیاراندا كراوە و لە هەفتەی ئایندەشدا لە پارێزگای دهۆك پرۆسەكە دەستپێدەكات.
هەروەها ئەوەشی ئاشكراكرد، بەهۆی بوونی چەند كێشەیەكی ئیداری، پێدەچێت لەماوەی هەفتەیەكدا كێشەی هاتنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەولێر چارەسەر بكرێت.