راگەیەنراوی کۆمپانیای سامسۆنگ کە ئاماژەی بەوە داوە بە هۆی سزاکانی ئەمریکاوە جگە لە ئێران و کۆریای باکوور مۆبایلی گالاکسی نۆت هەشت دەکاتە دیاری بۆ هەموو وەرزشوانان و بەشداربووانی ئۆڵۆمپیادی زستانەی ٢٠١٨ کە لەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت، کاردانەوەی ئیدارەی تارانی بەدوای خۆیدا هێنا.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئامێری زیرەک و ئەلیکترۆنی کۆریای باشوور سامسۆنگ و لیژنەی نێودەوڵەتی ئۆڵۆمپیاد، مۆبایلی گالاکسی نۆت هەشت دەکەنە دیاری بۆ هەموو وەرزشوانان و بەشداربووانی هەموو وڵاتێک لە ئۆڵۆمپیادی زستانەی ٢٠١٨ کە لەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت.
بەڵام کاتێک کۆمپانیاکە رایگەیاند کە ئەو دیارییە وەرزشوان و بەشداربووانی کۆریای باکوور و ئێران ناگرێتەوە، کاردانەوەی ئیدارەی تارانی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئاژانسی هەواڵیی ئیرنا بڕیاری کۆمپانیاکەی بە “بێ رەوشت” لە قەڵەم دا. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش، محەمەد جەواد زەریف لەبەرامبەر ئەمەدا هەڕەشەی بایکۆتکردنی ئامێرەکانی ئەو کۆمپانیایەی کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەهرام قاسمی رایگەیاند “ئەگەر کۆمپانیای سامسۆنگ داوای لێبوردن نەکات، ئەوا کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و کۆمپانیای سامسۆنگ”.