ئایا قەڵەمڕەوی دۆلار كۆتایی دێت و یوانی چینی جێگەی پێ لێژ دەكات؟


شارەزایانی ئابووری دەڵێن، ساڵی 2018 جیهان لەبەردەم ئەگەرێكی نوێدایە كە ئایا سەردەمی قەڵەمڕەوی دۆلار كۆتایی دێت و یوانی چینی جێگەی پێ لێژ دەكات؟ ئایا ساڵی 2018 سەرەتای كۆتایی پێترۆ دۆلار و هاتنی پێترۆ یوانە؟

بۆ گۆڕینی یاساكانی ئەم هاوكێشەیە، سعودیە كاراكتەری سەرەكییە. ئێستا سعودیە لە نێوان دوو بژارەدایە یەكیان لەوی دیكەیان تاڵتر، سعودیە لە دۆخێكدایە ناچاركراوە كە یەكیان هەڵبژێرێ، یان وەك جاران نەوتەكەی بە دۆلار بفرۆشێت و بازاڕی چین لەدەستبدات، یان نەوتەكەی بە یوان بفرۆشێت و ئەمریكا و ترەمپی هاوپەیمانی تووڕە بكات و وەلای بنێت.

سعودیە لەژێر گوشاری چیندایە، پەكین دەیەوێت نەوتی سعودیە بە یوان بكڕێت نەك بە دۆلار، ئەوەش وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەوەی لە داهاتوودا و لە بۆرسەكاندا بازرگانیی نەوت بە یوان بكرێ.

سعودیە كە تا ئێستا پشتی بە ئەمریكا بەستووە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی خۆی، ئەو داوایەی پەكینی رەتكردووەتەوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەم رەتكردنەوەیە بێ باج نابێت و باجەكەشی قورس دەبێت، چونكە ئەگەر سعودیە رازی نەبێت، ئەوا چین بەدوای وڵاتی دیكەدا دەگەڕێت تا نەوتی لێبكڕێت، بۆیە ئەگەری هەیە چین رۆسنەفتی رووسی بكاتە جێگرەوەی ئارامكۆی سعودی بۆ دابینكردنی نەوتەكەی، بەوەش گەورەترین بازاڕی ساغكردنەوەی نەوتەكەی لەدەستدەدات.

لە بەرامبەر گوشارەكانی چیندا ئەمریكا هەیە، ئەو دەیەوێت پارێزگاری لە دراوەكەی بكات وەك دراوێك كە نرخی نەوتی پێ دەپێورێت و بە پێترۆدۆلار ناسراوە، هەر بۆیە لە نێوان چنگی ئەم دووانەدا، چاوەڕوان دەكرێت رووبەری جوڵە لە ساڵی  2018دا بۆ سعودیە كەم ببێتەوە.

پێشتر سعودیە بە قورسایی نەوتی خۆی، رۆڵی هەبووە لەسەر وڵاتانی ئۆپێك بۆ دیاریكردنی نرخی نەوت بە دۆلار. دۆلار نەیتوانی بەهای خۆی لەبازاڕی بۆرسەی جیهانیدا جێگیر بكات، تاوەكو رێككەوتننامەی 1976 كرا لە نێوان واشنتن و ریاز بۆ دیاریكردنی نرخی نەوت بە دۆلار.

ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ئەمریكا دەیەوێت بە دۆلار و چین دەیەوێت بە یوان مامەڵە بەنەوتەوە بكرێت؟ رۆژانە، 93-96 ملیۆن بەرمیل نەوت لە جیهاندا بەكاردەهێنرێت، واتە ساڵانە بەبەهای 1.72 تریلیۆن دۆلار كڕین و فرۆشتن بە  نەوتەوە دەكرێت، ئەوەش مانای وایە گرێبەستەكانی نەوت وەك پاڵپشتییەكی بەهێزن  بۆ دۆلار، چونكە بە دۆلار مامەڵەكان دەكرێن.

شارەزایان دەڵێن ئەو بڕە زۆرەی مامەڵە بە دۆلار لە بازاڕەكاندا خواست لەسەر  دۆلار بەرز دەكاتەوە. وەك یەدەگ لە بانكە ناوەندییەكاندا بەهای دۆلار زیاتر دەبێت، بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی كە نەوت بە دۆلار دەفرۆشن.

پرسیاریكی دیكە، بۆچی سعودیە لەژێر گوشاری ئەمریكادایە؟
چونكە ئەمریكا گەورەترین بەكاربەری نەوتە لە جیهاندا، رۆژانە 9.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەردین و لیتەیی بەرهەمدێنێ. ئەوەش وای كردووە كە لە بەكاربەرێكی نەوتی سعودیەوە ببێتە ركابەرێكی نەوتی سعودیە. جگە لەوە سعودیە رۆژانە 800 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئەمریكا دەكات، زۆربەی ئەو نەوتەش بۆ پاڵاوگەی ئارامكۆ دەڕوات لە پۆرت ئارسەری ولایەتی تێكساس.

لەولاشەوە كە سەرنج دەدەی، چین توانیویەتی ببێتە گەورەترین هاوردەكاری نەوت لە جیهاندا و ئەمریكا تێپەڕێنێت، بە جۆرێك كە رۆژانە 11.7 ملیۆن بەرمیل نەوت بەكاردێنێ. هاوكات گەورەترین هاوردەكاری نەوتی سعودیەشە، وەك دەبینین سعودیە رۆژانە 1.3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی چین دەكات.

 ئێستا چین نەوت لە وڵاتانی رووسیا، ئێران، نایجیریا، ئەنگۆلا و ڤەنزوێلا  بە دراوی یوان دەكڕێت و خوازیارە سعودیەش بخاتە ئەو لیستەوە. لەلایەكی دیكەوە و لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا چین هەوڵێكی زۆری داوە بۆ زیادكردنی یەدەگی زێڕەكەی، هاوكات خاوەنی كانێكی زۆری كانزایە لە ئەفریقا و ئەمریكای باشوور، هەروەها لە یەدەگی دۆلاردا خاوەنی زیاتر لە 3.5 تریلیۆن دۆلاری ئەمریكییە، بەپێی دوایین ئامارەكان چین خاوەنی 1842 تۆن یەدەگی زێڕە، هەر بۆیە چین بە سعودیە دەڵێت نەوتت لێدەكرم بە زێڕ، بەڵام زێڕەكە بە یوان هاوتا دەكات، ئەمەش پێشنیازێكی سەرنجڕاكێشە بۆ سعودیە .

لە هەمانكاتدا قەبارەی بازرگانیی سعودیە لەگەڵ چین و وڵاتانی دیكەی ئاسیا زیاترە لەو بازرگانیەی كە لەگەڵ ئەمریكا دەیكات، بۆیە سعودیە دۆشداماوە لە هەڵبژاردنی یەك لەو دوو زلهێزە، چونكە لەكاتی هەڵبژاردنی یەكێكیاندا دەبێت، ئەویدیكەیان بەخت بكات.

ئەگەرچی ئەو بازرگانییەی چین دەیكات لەگەڵ وڵاتان زۆر زیاترە لەوەی ئەمریكا دەیكات، بەڵام چین هێشتا هەر دیلی دەستی دۆلارە، چونكە 80%ی هەرچی بازرگانی هەیە لە جیهاندا بە دۆلار دەكرێت، 63%ی هەرچی پارە هەیە لە بانكە ناوەندییەكانی جیهاندا دۆلارە، بۆیە ئەگەر نەوت بە یوان مامەڵەی پێوە بكرێت، ئەوا ساڵانە دۆلار 600-800 ملیار پاشەكشە دەكات.

رووسیا لە كوێی ئەم هاوكێشەیەدایە؟ 
زۆربەی گەورە شرۆڤەكاران لە ئاستی كارڵ وینبێرگی ئەمریكی، چاوەڕوان دەكەن كە رووسیا سەركەوتوو بێت لە ناچاركردنی سعودیە بەوەی لە داهاتوودا بە یوان نەوتەكەی بفرۆشێت. ئەوان دەڵێن سەردەمی دانانی نرخی نەوت بە یوان نزیكە، هەر لەگەڵ رازیبوونی سعودیە بەوەی بە یوان نەوتەكەی بفرۆشێ، ئیدی سەردەمی پێترۆ دۆلار كۆتایی دێت و پێترۆ یوان دەستپێدەكات.

ئەوان رایان وایە رووسیا دەتوانێت هەژموونی خۆی بەكاربێنێ لە ناوچە عەرەبیەكان تاوەكو گوشار لە سعودیە بكەن، ئەوە سەرباری ئەوەی رووسیا ئێستا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سعودیە هەیە، بەتایبەتی لەناو رێكخراوی ئۆپێك، بینیشمان لە كاتی سەردانی مەلیك سەلمان بۆ رووسیا لە مانگی ئاداری رابردوودا بە بەهای 65 ملیار دۆلار گرێبەستیان واژۆ كردووە.

پرسیارە كۆنكریتییەكە ئەوەیە ئایا رووبەری مانۆڕ لە بەردەم سعودیە فراوانە یان بەرتەسكە، ئایا سعودیە لە نێوان دۆلار و یواندا بژارەی سێیەمی هەیە؟