“پێویسته‌ ئابوری‌ عێراق ببوژێنرێته‌وه‌ “

له‌كاتێكدا كه‌ ئابوریناسانی‌ عێراق ته‌ئكیدی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی‌، ڕه‌وشی‌ سیاسی‌ عێراق كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر دۆخی‌ ئابوری‌ ده‌بێت، ڕۆژنامه‌یه‌كی‌ ئیماراتی‌ تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر ڕه‌وشی‌ ئابوری‌ عێراق‌و به‌پێویستی‌ زانیوه‌ هه‌ڵمه‌تێك بۆ چالاككردن‌و بوژانه‌وه‌ی‌ كه‌رتی‌ ئابوری‌ عێراق ده‌ستپێبكات له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ به‌غداوه‌.
ڕۆژنامه‌ی‌ (به‌یان)ی‌ ئیماراتی‌ له‌وتارێكدا به‌ناونیشانی‌ ( قه‌یرانه‌ درێژخایه‌نه‌كانی‌ عێراق) ڕوونیكردووه‌ته‌وه‌، باشكردنی‌ گوزه‌رانی‌ خه‌ڵك‌و بوژانه‌وه‌ی‌ ئابوری‌‌و ژێرخان، یه‌كێكه‌ له‌پێداویستییه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی‌ عێراق. 
ڕۆژنامه‌كه‌ وه‌بیری‌ هێناوه‌ته‌وه‌، عێراق ناوچه‌یه‌كی‌ گرنگیی ئابورییه‌‌و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان له‌ساڵی‌ 1921ه‌وه‌ تا ئێستا كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ڕه‌وشی‌ ئابوری‌ عێراق هه‌بووه‌. 
هاوكات پسپۆڕانی‌ ئابوری‌ عێراق جەخت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌، ئابوری عێراق له‌ژێر كاریگه‌ری‌ دۆخی‌ سیاسیدایه‌، ئه‌گه‌ر له‌و كاریگه‌رییه‌ دوورنه‌خرێته‌وه‌، ئه‌وا ناتوانرێت ئابوری‌ عێراق ببوژێنرێته‌وه‌.