كۆمپانیای ئایرباسی ئەمەریكی، بۆ یەكەم جار بە سەركەوتوویی توانی پڕۆژەی فڕۆكەی “ڤاهانا” كە خۆكارانە كار دەكات و هاوشێوەی تاكسی لە ئاسمانەوە هاتوچۆ بە خەڵك دەكات، تاقی كردەوە.
كۆمپانیاكە لە پێگەی پڕۆژەی فڕۆكەی “ڤاهانا” تاقیكردنەوەكەی ئاماژە پێ داوە كە لە ویلایەتی ئۆریگۆنی ئەمەریكا لە 31ی كانوونی دووەم/یەنایەر ئەنجام دراوە، بەو جۆرەی پلان و بەرنامەی بۆ دانرابوو، بە سەركەوتوویی تاقیكردنەوە ئەنجام درا، هیچ كێشە و گرفتێكی بەدوای خۆی دا جێ نەهێشت.
ئەو فڕۆكە تاكسییە ناوی “Alpha one”ی لێ نراوە، دەتوانێ لە بەرزی پێنج مەتر بە ئاسایی و بێ كێشە بفڕێ، یەكەم ئەزموونی تاقیكردنەوەی ماوەی 53 چركەی خایاند، فڕۆكەكە خۆكارانە دەستی بە فڕین كرد، دوای 53 چركە لە فڕین بە سەركەوتوویی و بێ كێشە لەسەر زەوی نیشتەوە، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی دەستەی فڕۆكەوانی ئەمەریكایش ئامادەی تاقیكردنەوەكە بوو.
كۆمپانیای ئایرباس پێشتر لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە ئاشكرای كرد، كە ئامانجیەتی ڕێیەكی جیاواز و گونجاو بۆ ئەو كەسانە بدۆزێتەوە، كە پێویستیان بە هاتوچۆی خێرایییە و دووركەوتنەوەیە لەو هەموو ترافیك و وەستانەی لە شەقامی شارەكان و شوێنە قەرەباڵغەكان بوونی هەیە.
دوای دوو ساڵ كاركردن، كۆمپانیاكە توانی پڕۆژەكە جێبەجێ بكات، بڕیارە لە داهاتوویش چەندان تاقیكردنەوەی تر بەو جۆرە فڕۆكە تاكسییە ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی چاكتر و پتەوتر و باشتر بكرێ، پێشبینی دەكرێ بۆ ساڵی 2020 فڕۆكەكە بخرێتە بازاڕەكانی دنیاوە و هەر شار و وڵاتێك بیخوازێ ئەو سیستەمی تاكسیی ئاسمانییەی بۆ جێبەجێ دەكرێ، كە تەنیا لە كاتی سەركەوتن و چوونە ناو فڕۆكەكە، دەتوانن ئەو شوێنەی بۆی دەچن، دیاری بكەن، ئیتر فڕۆكەكە بۆ خۆی ڕاستەوخۆ دەست بە فڕین دەكات و لەو شوێنەی دیاریتان كردبوو، دەنیشێتەوە.