هاوڵاتیان دەتوانن لەرێگەی باشماخەوە بەئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیانەوە سەردانی ئێران بكەن

دوای راگرتنی بڕیاری رێگەدان بەهاتوچۆكردنی هاوڵاتیان و گەشتیارانی هەرێمی كوردستان و عیراق بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، لەئێستادا دووبارە كاركردن بەو بڕیارە دەستی پێكردووەتەوە.
 
لەوبارەیەوە، ئەزوەر مەحمود، سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ،  راگەیاند: لەماوەی رابردوودا و بۆ ماوەی پێنج مانگ بەهۆی دروستبوونی كێشەیەكەوە لەناوخۆی كۆمپانیای هۆمای ئێرانی، بڕیاری رێگەدان بەهاتوچۆكردنی هاوڵاتیان و گەشتیارانی هەرێمی كوردستان و عیراقی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە راگیرا.
 
ناوبراو، ئاماژەی بەوەش كرد لە دوای هەوڵێكی زۆر لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە و لایەنی پێوەندیداری ئێرانی، ئێستە جارێكی تر هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی گەشتیاری هەرێمی كوردستان و  عێراق بۆ وڵاتی ئێران دەستی پێكردووەتەوە و ئاسایی بۆتەوە”.
 
ئەو وتیشی “هەموو لایەك ئاگادار و دڵنیا دەكەنەوە كە گەشتیاران دەتوانن لەرێگەی مەرزەكەمانەوە، رۆژانە  بە ئۆتومبێلی تایبەتی خۆیانەوە گەشت بۆ ئەو وڵاتە بكەن و لەو رووەشەوە هیچ كێشەیەك نەماوە  و هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، لەهەردوو لاوە گەشتیاران دەتوانن ئوتومبێلیان پێبێت”.

رێنماییەكان هەر ئەوانەی پێشوون كە دەبێت ئەو گەشتیارە پاسپۆڕت و مۆڵەتی شۆفێری پێبێت و پاشان رێگەی گەشتەكەی پێدەدرێت.
 
هاوكات بەپیی ئامارێكی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لەماوەی ساڵی رابردوودا، 11 هەزار و 60 ئۆتۆمبێلی گەشتیاری چوونەتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و لەبەرامبەریشدا، ١١ هەزار و ١٨٦ گەشتیاری ئێرانی و رۆژهەڵاتی كوردستان هاتوونەتە خاكی هەرێمەوە.
 
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لە چوار مەرزی نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان و شارۆكەی پێنجوێن بەشاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبەستێتەوە و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لێوە ئەنجام دەدرێت و نزیكەی شەش كیلۆمەتر لەپێنجوێنەوە دوورە.

وشە