بەهۆی داكشانی پشكەكانی بۆرسە 500 ملیاردێری جیهان زیانیان بەركەوت

بەهۆی داكشانی پشكەكانی بۆرسەی “وۆل ستریت”، 500 ملیاردێری جیهان زیانیان بەركەوت، زیانەكەیش بە 114 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی بوو.

رۆژی دووشەم بە هۆی دابەزینی بەهای پشكەكان لە بۆرسەی “وۆل ستریت”، ئاستی پشكەكان لە سەرجەم بازاڕەكانی جیهان دابەزی. بەپێی  زانیارییەكانی ئاژانسی (بلۆمبێرگ)ی ئەمەریكی، پشكەكانی وۆل ستریت بە رێژەیەكی بەرچاو داكشانی بەخۆیەوە بینیوە كە لە نێوان %3.8 تا %4.6 ، كە ئەمەیش وا دەكات هەردوو ئاماژەی “داو جۆنز” و”ستاندەر ئاند بۆرز”، هەموو ئەو دەسكەوتانە بدۆڕێنن كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەدەستی هێناوە.

ئاژانسی (بلومبێرگ) ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، چەندین ملیادرێ جیهان لەم داكشانی دوێنێی وۆل ستریت زەرەرمەند بوون، لەوانە وورین بافیت، كە سەرۆكی كۆمپانیای وەبەرهێنانی “بیركشایەر هاساوای”یە، گەورەترین زیانی بەركەوتووە زیانەكەیشی بە بری پێنج ملیار و 100 ملیۆن دۆلارە، مارك زوكربێرگ، لە دوای ئەو دێت زیانەكەی سێ‌ ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە، جیف بیزۆسن كە دامەزرێنەری كۆمپانیای ئەمازۆنە زیانەكە سێ‌ ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە، دواتر هەردوو دامەزرێنەرەكەی گووگڵ دێن كە زیانەكەیان دوو  ملیار و 300 دۆلارە.

 وەك ئاماژەی بۆ دەكرێت 500 ملیاردێر لە سەرانسەری جیهان زیانیان بەركەوتووە، چونكە داكشانەكەی وۆل ستریت، كاریگەری بەسەر داكشانەكانی بۆرسەی شەنگهای و هۆنگ كۆنگ و تۆكیۆ هەبوو.

دوایین كەس لە زیانە گەورەكان بیل گیتسە كە زیانەكەی دوو ملیار و 250 ملیۆن دۆلارە. دینس بیرمان، كە شرۆڤەكاریی داراییە لە وۆل ستریت جۆرناڵ، دەڵێ‌، “ئەمە رۆژێكی شووم بوو بۆ بۆرسەی ئەمەریكا، داكشانی بەم جۆرەیش دەكرێت 25 رۆژ بەردەوام بێت”.

كۆشكی سپی سەرنجی خۆی لە بارەی ئەو تەوژمی داكشانەدا و دووپاتی كردەوە كە سەرۆكی ئەمەریكا زیاتر بایەخ بە بنەما ئابووریە دریژخایەنەكان دەدات سارا ساندەرز، وتەبێژی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا وتی، “سەرۆك بایەخ بە بنەما ئابووریە درێژخایەنەكانمان دەدات كە هێشتە بەهێزە، گەشەی ئابووری لە ئاستی بەرزدایە و رێژەی بێكاری كەمبووەتەوە و كرێی دەستی كاریش لە بەرزبوونەوەدایە”.