دابەزینی بەهای بیت كۆین لەبازاڕەكانی جیهاندا بەردەوامە


دابەزینی بەهای بیت كۆین و دراوە دیجیتاڵییەكانی هاوشێوەی بەردەوامە و ئەمڕۆ(سێشەممە)ش بەهای بیت كۆین لەبازاڕەكانی جیهاندا بۆ كەمتر لە هەشت هەزار دۆلار دابەزی.
 
دابەزینی بەهای بیت كۆین بۆ ئەو ئاستە لەكاتێكدایە كە هەفتەیەك لەمەوبەر دراوەكە زۆرترین دابەزینی بەخۆیەوە بینی كاتێك لەسەدا 30 بەهای خۆی لەدەستدا.
 
دو مانگ لەمەوبەر بەهای بیت كۆین گەیشتبوە نزیك لە 20 هەزار دۆلارو بەردەوامیی دابەزینی نرخی ئەو دراوەو دراوە دیجیتاڵییەكانی دیكە بۆتە هۆی نیگەرانی هەندێك لەبانكەكان و دامەزراوە داراییەكان كە لەڕێگەی كریدیت كارتەكانەوە قەرز دەدەنە كڕیارەكانیان.
 
چەندین بانك لەبەریتانیا لەوانە بانكی لۆیدز، هالیفكس و بانكی سكۆتلاندا كڕینی بیت كۆین-ی لەڕێگەی كریدیت كارتەكانەوە قەدەغەكردوە و ئەو قەدەغەكردنەش لەدوێنێ دوشەممەوە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
 
بەشێك لەدامەزراوە داراییەكانی ئەمریكاش لەوانە سیتی گروپ و جی پی مۆرگان پێكەوە كڕینی ئەو دراوەیان قەدەغەكردوە.