هیچ بەربەستێك لەبەردەم دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان نەماوە


بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانیش رایدەگەیەنێت، هیچ بەربەستێك لەبەردەم دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان نەماوە.

 تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن گوایە بەغدا داوای لێكردوون پۆلیسی ئیتحادی لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان جێگیر بكات، ناڕاستەو لەهیچ كۆبوونەوەیەكدا باسی ئەو بابەتە نەكراوە.

 وتیشی، دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان لەفڕۆكەخانەكانی هەرێم بەڕووی جیهاندا پەیوەست نییە بەجێگیركردنی پۆلیسی ئیتیحادی لەو فڕۆكەخانانە، چونكە لەبنەڕەتدا پۆلیسی گومرگ لەناو فڕۆكەخانەكاندا بونیان هەیەو نوێنەرایەتی حكومەت دەكەن.

 تەئكیدیشی كردوە، هیچ گرفتێك لەبەردەم دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی نەماوەو بەغداو هەولێریش لەسەر تەواوی بابەتەكان رێككەوتوون، لەئێستاشدا دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان، لەدەسەڵاتی وەزیری گواستنەوەو دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی‌و دەستەی دەروازە سنورییەكاندا نەماوەو هەموو بڕیارەكان لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە دەدرێت.