بڕیاری کۆتای لەبارەی بەردەوامی کاری مەرزەلاوەکیەکان درا کە بژێوی سەدان ھاوڵاتی کوردستانی لەسەرە و گرنگی خۆیان ھەیە بۆ ئاڵو گۆڕی بازرگانی.
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” ئەمڕۆ سێ شەممە ٢/٦ لە بینای پارێزگای سلێمانی بەئامادەبونی پارێزگاری سلێمانی کۆبونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامداکە بەرپرسانی ئەو مەرزانەو نوێنەرانی پارێزگای ھەڵەبجە و دەربەندیخان و قەڵادزێ بەشداربون“.
سەرۆکی ژوور، وتیشی” لەکۆبونەوەکەدا لەدوای گفتوگۆیەکی زۆر گەشتینە ئەنجامێک کە سەرجەم مەرزەکان بەردەوامبن لەکارکردن و بەڕوی بازرگانان وکاسبکاراندا کراوەبێت، پارێزگاری سلێمانیش لە ھەوڵەکانی بەردەوامبێت تا لەگەڵ لایەنی عێراقی بە لێکتێگەشتن بەردوامبونی کاری مەرزەکان چارەسەربکات و گرفت بۆ بازرگانان و کاسبکاران دروست نەبێتەوە“.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕاشیگەیاند ئەو مەرزە لاوەکیانە ژیانی ھەزاران خەڵکی لەسەرە کەکاری تێدا دەکەن ھەربۆیە مانەوەیان بەباش زاندراوە لەڕوی کاری بازرگانی نێوان ھەرێم و کوردستان ئەو مەرزانە ڕۆڵی خۆیان ھەبووە.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا حکومەتی عێراقی بڕیاری لەسەر داخستنی مەرزە لاوەکیەکاندا کە لەکوردستانەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاڵوگۆڕی تیادا دەکرێت.