كه‌مترین رێژه‌ی هه‌ژاریی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2012 ده‌گه‌ڕێته‌وه كه رێژه‌كه تیایدا بریتی بوو 3.5%. له هه‌مان ساڵدا له عێراق رێژه‌كه 19% بووه. به‌ڵام دوایین ئاماری بانكی جیهانیی ئه‌مه ده‌رده‌خات كه رێژه‌ی هه‌ژاری له كوردستان و عێراق له به‌رزبوونه‌وه‌دایه.
هه‌ژاری له كوردستان له ساڵی 2003ه‌وه رووی له دابه‌زین كردووه، به‌ڵام له ساڵی 2012ه‌وه تا ئێسته رووی له هه‌ڵكشان كردووه.
شه‌پۆلی ئاواره‌كان له 2012 تا 2014 هۆكار بوو له‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری له كوردستان بۆ 12.5% و عێراقیش بۆ 23% به‌رز ببێته‌وه. له ساڵی 2014ـه‌وه هه‌ندێك راپۆرتی لابه‌لا بڵاو كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچ لێكۆڵینه‌وه و ئامارێكی نوێی بانكی جیهانیی له ئارادا نییه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رێژه‌كه زۆر له‌مه زیاتر به‌رز بووبێته‌وه.
بانكی جیهانیی
بانكی جیهانیی له ساڵی 2007ـه‌وه چاودێری پرسی هه‌ژاری له كوردستان و عێراق و زۆر له پرسه پێوه‌ندیداره‌كانی وه‌ك وزه و كاره‌با و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كردووه. به وته‌ی سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماری كوردستان، دوایین راپۆرت كه له لای ئه‌وان هه‌بێت، هی ساڵی 2014هیه.
سیروان محه‌مه‌د وتی، رێژه‌ی هه‌ژاری له ساڵی 2014 له هه‌رێمی كوردستان، بریتی بووه 12.5% كه به‌راورد به دوو ساڵ پێشتری به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆمار كردبوو. له دوای ساڵی 2012ه‌وه شه‌پۆلی ئاواره‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان زیادی كرد و جگه له ناوخۆی عێراق كه به‌هۆی توندوتیژی تایفی له پارێزگاكانی ئه‌نبار و به‌غدا و سه‌ڵاحه‌دینه‌وه، روویان له كوردستان ده‌كرد، به سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ش له سووریاوه هاتنه كوردستان. هه‌موو ئه‌مانه پێش سه‌رهه‌ڵدانی داعش و ئه‌و سزا ئابوورییانه‌ن كه به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هاتوون.
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه‌ی ده‌سته‌ی ئاماری كوردستان، رێژه‌ی هه‌ژاریی ساڵی 2014ی عێراق هاوتا بووه له‌گه‌ڵ رێژه‌ی هه‌ژاریی ساڵی 2007 كه 23% بووه، له ساڵی 2007 تا ساڵی 2012 رێژه‌ی هه‌ژاری له عێراق دابه‌زی بۆ 19%، به‌ڵام له 2012 دووباره به‌رز بووه‌وه. رێژه‌ی هه‌ژاری له كوردستان له ساڵی 2007 بریتی بووه 4.7%، به‌ڵام له ساڵی 2012 رێژه‌كه بۆ 3.5% دابه‌زیبوو، به‌و پێیه ساڵی 2012 هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی كه‌مترین رێژه‌ی هه‌ژاری بووه.
رێژه‌ی 3.5% نزیكه له رێژه‌ی نۆرماڵی هه‌ژاری كه به 2% دانراوه و ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ریی ئاواره‌كان و شه‌ڕی داعش و سزای ئابووری له‌سه‌ر نه‌بووایه، ئه‌وا هه‌ژاری له كوردستان ئه‌وه‌نده كه‌م ده‌بووه‌وه شایانی باسكردن نه‌ده‌بوو. سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماری كوردستان ده‌ڵێت، هێشتا بانكی نێوده‌وڵه‌تیی هیچ ئامارێكی نویێ له‌سه‌ر پرسی هه‌ژاری له كوردستان و عێراق بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه.
بانكی جیهانی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كوردستان پچڕاندووه
بانكی نێوده‌وڵه‌تی له چوارچێوه‌ی ئه‌و پسپۆڕییه تایبه‌تییه‌ی هه‌یه‌تی، ده‌توانێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ رێژه‌ی هه‌ژاری بكات و به‌بێ ئه‌م بانكه نه هه‌رێمی كوراستان و نه عێراق ناتوانن لێكۆڵینه‌وه‌ی نوێ رابگه‌یه‌نن. سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئامار ئاماژه به‌وه ده‌دات كه له دوای ریفراندۆمی كوردستانه‌وه بانكی نێوده‌وڵه‌تیی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كوردستان پچڕاندووه،، له كاتێكدا پێشتر به‌رده‌وام فه‌رمانبه‌رانی بانكه‌كه له كوردستان خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه و كۆكردنه‌وه‌ی داتا و زانیاری بوون. زیاتر گوتی “بانكه‌كه ته‌نانه‌ت پێوه‌ندی ئێمهیلیشی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نییه ئێسته”.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا ئامارێكی تر له رێژه‌ی هه‌ژاریی بڵاو كرایه‌وه كه به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه، ژماره‌ی دانیشتووانی عێراق به‌پێی خه‌مڵاندن به 37 ملیۆن كه‌س خه‌مڵێنرابوو و باس له‌وه‌ش كراوه نزیكه‌ی هه‌شت ملیۆن كه‌س له عێراق له ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین. واته نزیكه‌ی 23%ی دانیشتووانی عێراق له ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین.
وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق به هاوكاری په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌تی تر و سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو، پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجییان بۆ دابه‌زاندنی رێژه‌ی هه‌ژاری داڕشت كه به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م ستراتیجه له نێوان ساڵانی 2010 تا 2014 جێبه‌جێ كرا. ئه‌ندامانی ئه‌و كۆمیته‌یه له ماوه‌ی رابردوودا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبوونه‌وه و پلانی نوێی خۆیان بۆ دابه‌زاندنی هه‌ژاری له نێوان ساڵانی 2018 تا 2021 راگه‌یاندووه، هه‌نگاوێك كه هه‌رێمی كوردستانی لێ ئاگادار نییه.
ئه‌مین به‌كر ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، روونی كرده‌وه كه به‌شێك له‌و ئامارانه‌ی له عێراق بڵاو ده‌كرێنه‌وه، له‌سه‌ر بنه‌مای ستانداردی جیهانی نین، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌ر ئامارێك له‌سه‌ر هه‌ژاری بڵاو بكرێته‌وه، له‌وانه‌یه زیاتر بێت. دووپاتی كرده‌وه “رێژه‌كه له داهاتی تاك و توانای له كڕینی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان دیاری ده‌كرێت و له كوردستان و عێراقیش كه ده‌رفه‌تی كار كه‌م بووه‌ته‌وه، ئه‌وا داهاتیش دابه‌زیوه، بۆیه له‌و كاته‌دا هه‌ژاری زیاد ده‌كات”.
ئه‌و پێی وایه له چوار ساڵی رابردوودا داهاتی ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه دانه‌به‌زیوه كه كاریان له ده‌ست داوه، به‌ڵكو خه‌ڵكی تریش كه كاسبییان هه‌یه، داهاتیان دابه‌زیوه و پێشتر كه رۆڵیان هه‌بووه چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ك له‌ژێر سێبه‌ری خۆیاندا بحه‌وێننه‌وه، له‌وانه‌یه ئه‌مجاره‌یان ئه‌م توانایه‌یان نه‌مابێت، بۆیه هه‌ژاری په‌ره‌ی سه‌ندووه.
هه‌رێمی كوردستان و عێراق پاره‌یان به خراپی خه‌رج كرد
كاتێك حكوومه‌تی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كورستان پاره‌ی زۆریان له به‌رده‌ستدا بوو په‌ره‌یان به كشتوكاڵ و داهاتی ناوخۆیی نه‌دا، به‌ڵكو داهاته‌كه زیاتر بۆ خۆشگوزه‌رانی ته‌رخان كرا، بۆیه چاوه‌ڕوانی ئه‌مه ده‌كرا له كاتی كه‌مكردنه‌وه‌ی داهات كێشه‌ی گه‌وره‌ش بێته ئاراوه. به گوته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره، ده‌بوو كشتوكاڵ و پیشه‌سازی په‌ره‌یان پێ بدرایه، له كاتێكدا زۆربه‌ی ئه‌و داهاته‌ی خه‌ڵك ده‌ستیان ده‌كه‌وێت به‌هۆی كڕینی به‌رهه‌می ئێران و توركیا له وڵات ده‌چێته ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات سیاسه‌تی ئابووریی كوردستان و عێراق سه‌ركه‌توو نه‌بووه.
ئه‌گه‌ر بانكی نێوده‌وڵه‌تیی ئاماریكی نوێ له‌باره‌ی پرسی هه‌ژاری له كوردستان و عێراق بڵاو بكاته‌وه، رێژه‌كه له‌چاو ساڵی 2014 به‌رزتر ده‌بێ، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك.
یه‌كه‌م، له كوردستان خراپترین دۆخی دارایی و ئابووری له دوای رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه بۆ چوار ساڵی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه. ساڵی 2014 كه كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گه‌یشتنه لووتكه، عێراق یه‌كلایه‌نه بودجه‌ی كوردستانی بڕی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌وڵی دا به پشتبه‌ستن به داهاتی خۆی ئابوورییه‌كه‌ی پێش بخات. دابه‌زینی نرخی نه‌وت له لایه‌ك و سه‌رهه‌ڵدانی داعش له حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵ، له‌لایه‌كی تر، ئه‌م پلانه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌بار برد، بۆیه ئه‌مجاره‌یان كار له‌سه‌ر ئه‌وه كرا ژیانێك بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌سته‌به‌ر بكرێت، له‌مه‌شدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه له سه‌ره‌تای ساڵی 2016ه‌وه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م كرایه‌وه.
هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی عێراق یه‌ده‌گی دراو و زێڕی به‌كار هێنا، به‌ڵام دیسان تووشی ته‌نگژه هات و جگه ئه‌و خه‌رجییه زه‌به‌لاحه‌ی به‌هۆی جه‌نگی داعش كه‌وته سه‌رشانی، به‌شێك له ژێرخانه ئابوورییه‌كه‌ی وێران كرا. به‌شێكی به‌رچاو له پارێزگاكانی عێراق به‌هۆی جه‌نگ و ته‌قینه‌وه و هێرشه ئاسمانییه‌كان، خاپوور كراون. شارێكی وه‌ك مووسڵ كه به دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری عێراق هه‌ژمار ده‌كرێت، ژێرخانه ئابوورییه‌كه‌ی به ته‌واوی رووخاوه، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه پێویستی به ده‌یان ملیار دۆلار، چه‌ندان ساڵی تر كاركردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه هه‌یه تا هاوشێوه‌ی جارانی لێ بێته‌وه.
هێڵی هه‌ژاری
هێڵی هه‌ژاری له وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر جیاوازه و بانكی جیهانیی یان بانكی نێوده‌وڵه‌تیی پێوه‌ری تایبه‌تی خۆی بۆ هه‌ر كام له وڵاتان هه‌یه كه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه ده‌كات. وڵاتانی دنیا به‌سه‌ر چه‌ند گرووپێكدا دابه‌ش كراون، ئه‌و وڵاتانه‌ی داهاتیان له خوارووی ناوه‌نده، داهاتی رۆژانه‌ی سێ دۆلار و 20 سه‌نتی تاك به هێڵی هه‌ژاری دانراوه. له‌و وڵاتانه‌ی داهاتیان له ناوه‌ند بۆ سه‌ره‌وه‌یه، هێڵی هه‌ژاری به داهاتی رۆژانه‌ی پێنج دۆلار و 50 سه‌نت به هێڵی هه‌ژاری ده‌ستنیشان كراوه و له‌و وڵاتانه‌ش كه داهاتیان به‌رزه، داهاتی رۆژانه‌ی تاك به 21 دۆلار و 70 سه‌نت دانراوه. به واتایه‌كی تر له وڵاتێكی پێشكه‌وتوو هه‌ر تاكێك داهاتی مانگانه‌ی له 650 دۆلار كه‌متر بێت، ئه‌وا به هه‌ژار هه‌ژمار ده‌كرێت. به‌پێی پێوه‌ره‌كه له عێراق هه‌ر كه‌سێك داهاتی مانگانه‌ی له 165 دۆلار كه‌متر بێت، ئه‌وا هه‌ژاره.
عێراق و كوردستان له گرووپی ئه‌و وڵاتانه‌ن كه داهاتی تاك تێیاندا سه‌رووی ناوه‌نده و هه‌ریه‌ك له ئێران، ئازه‌ربایجان، لیبیا، چین، كۆڵۆمبیا، لبنان، ئه‌فریقای باشوور و مالیزیا له‌و گرووپه‌دا هه‌ڵكه‌وتوون. عێراق به كوردستانیشه‌وه به وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌ژمار ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بووه‌ته هۆی هه‌ژاری، له راستیدا نه‌بوونی داهات نییه، به‌ڵكو نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری له دابه‌شكردنی داهات له لایه‌ك و خراپ سوود وه‌رگرتن له داهاتی نیشتمانی و رێژه‌ی زۆری گه‌نده‌ڵییه.
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، پێنوێنی هێڵی هه‌ژاری بۆ هه‌ر تاكێكی عێراق، رۆژانه 2.8 دۆلاره كه له مانگێكدا ده‌كاته كه‌متر له 85 دۆلار. ئه‌م ژماره‌یه ده‌گوترێت ژماره‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه و هێڵی هه‌ژاری له‌وه به‌رزتره و ناكرێت تاكێك له عێراق به 85 دۆلار مانگێك به‌ڕێوه بچێت، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر ستانداردی بانكی جیهانیی له‌به‌رچاو بگیرێت، ئه‌وا ده‌بێت هێڵه‌كه بۆ رۆژانه‌ی تاك پێنج دۆلار و نیو بێت.
وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق پێی وایه هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی تری عێراق دۆخی باشتره و هه‌ژاری تیایدا كه‌متره. له دوای هه‌رێمی كوردستان به‌غدا و دواتر پارێزگاكانی تر دێن.
ده‌ره‌نجامه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نوێی بانكی جیهانیی له‌سه‌ر هه‌ژاریی عێراق بڵاو بكرێته‌وه، ئه‌وا رێژه‌ی هه‌ژاریی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ژماره‌یه‌ك له سه‌رووی 12.5% و هی عێراقیش له سه‌رووی 23% ده‌رده‌چێت كه رێژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره و پێویسته به سیاسه‌تی ئابووریی ژیرانه دابه‌زێنرێن.
وشە