به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى یه‌كه‌ى كاره‌با گه‌شه‌ى پیشه‌سازیى په‌كده‌خات

ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى نیگه‌رانى خۆى به‌رامبه‌ر به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى یه‌كه‌ى كاره‌با له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌رده‌بڕێت، به‌تایبه‌تى بۆ كارگه‌ پیشه‌سازییه‌كان، چونكه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ تواناى كێبڕكێى كارگه‌كانى كوردستان له‌به‌رده‌م به‌رهه‌مه‌ هاوشێوه‌كانى ده‌ره‌وه‌ لاواز ده‌كات‌و سه‌ره‌نجام گه‌شه‌ى كه‌رتى تایبه‌ت‌و كه‌رتى پیشه‌سازى له‌هه‌رێمى كوردستاندا په‌كده‌خات.

ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى كه‌ نوێنه‌رایه‌تى كه‌رتى تایبه‌ت‌و داكۆكى له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كات، له‌ڕێگه‌ى ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌وه‌ ناڕه‌زایى‌و نیگه‌رانى خۆى به‌رامبه‌ر به‌م هه‌نگاوه‌ى وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دوباره‌ ده‌كاته‌وه‌. 

ئێمه‌ چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ بوین حكومه‌تى هه‌رێم له‌پێناو پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆو بوژاندنه‌وه‌و به‌هێز كردنى كه‌رتى تایبه‌تدا چاو له‌حكومه‌تى ناوه‌ندى عێراق بكات كه‌ نرخى یه‌كه‌ى كاره‌باى له‌ 40% بۆ كارگه‌ پیشه‌سازییه‌كان كه‌م كردوه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكومه‌تى عێراق نرخى یه‌ك كیلۆوات كاره‌باى له‌سه‌ر كارگه‌ پیشه‌سازییه‌كان له‌ 100 دیناره‌وه‌ كه‌مكردوه‌ته‌وه‌ بۆ 60 دینار، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ماوه‌ى دو ساڵى رابردودا نرخى كاره‌باى به‌ڕێژه‌ى 500% له‌سه‌ر كارگه‌ پیشه‌سازییه‌كان به‌رزكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ نرخى كاره‌باى بۆ یه‌ك كیلۆوات له‌ 20 دیناره‌وه‌ به‌رزكردوه‌ته‌وه‌ بۆ 120 دینار.

 ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى جه‌غت له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى یه‌كه‌ى كاره‌با له‌م دۆخه‌دا هه‌نگاوێكى بێ پلان‌و به‌رنامه‌رێژنه‌كراوه‌و سه‌ره‌نجام ئه‌ركى سه‌رشانى كه‌رتى تایبه‌ت له‌هه‌رێمى كوردستاندا گران‌و قورستر ده‌كات‌و ده‌بێته‌ هۆكارى به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان، له‌كاتێكدا پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم پشتیوانیان لێبكات‌و بیانپارێزێت نه‌ك ئه‌وه‌ى به‌م هه‌نگاوانه‌ى به‌ره‌و مایه‌پوچ بون ئاڕاسته‌یان بكات، به‌تایبه‌تى كه‌ له‌م دۆخه‌ دارایى‌و ئابورییه‌ نه‌خوازراوه‌ى تێیكه‌وتوین، كه‌رتى تایبه‌ت مایه‌ى ره‌خساندنى هه‌لى كاره‌ بۆ هه‌زاران كارمه‌ندو كرێكارو بوژاندنه‌وه‌ى بازاڕ.

له‌دیدى ئێمه‌وه‌ كه‌رتى تایبه‌ت شاده‌مارى سیسته‌مى ئابورى بازاڕ‌و ساڕێژى نه‌خۆشییه‌ ئابورییه‌كانى هه‌ر وڵاتێكه‌، كه‌رتى پیشه‌سازیش وزه‌ى گه‌شه‌پێدانى ئابوریی وڵاتانى ئه‌مڕۆى جیهانه‌، به‌ڵام له‌كوردستان وه‌ك تێبینى ده‌كرێ كه‌مترین بایه‌خ‌و به‌ها به‌م كه‌رته‌ ده‌درێت‌و هیچ ستراتیژییه‌ت‌و پلانێكى ناوه‌ندخایه‌ن‌و درێژخایه‌ن بۆ گه‌شه‌ى ئه‌م كه‌رتانه‌ به‌دیناكرێت. 

ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى داوا له‌حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان‌و وه‌زاره‌تى كاره‌با ده‌كات له‌پێناو پێشخستنى كه‌رتى تایبه‌ت‌و پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆو به‌هێزكردنی تواناى كه‌رتى پیشه‌سازییدا له‌روى نرخ‌و كوالێتییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌كێبڕكێى به‌رهه‌مى ده‌ره‌كى، چاو به‌بڕیارى به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى یه‌كه‌ى كاره‌بادا بخشێننه‌وه‌‌. چونكه‌ بڕواى ته‌واومان به‌وه‌یه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌ ئابورییه‌كانى كوردستان به‌ر له‌هه‌ر شتێك له‌كارئاسانى كردن بۆ كه‌رتى تایبه‌ت‌و له‌به‌هێزكردنى ژێرخانى ئابوریدایه‌، پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كى زانستى هه‌وڵبدات ستراتیژیه‌تێكى گونجاو بۆ گه‌شه‌پێدانى كه‌رتى تایبه‌ت‌و به‌پیشه‌سازیكردنى كوردستان ده‌ستپێبكات، نه‌ك ئه‌وه‌ى ئاسته‌نگ بۆ پێشخستن‌و گه‌شه‌كردنیان دروست بكات.

ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى
2018/2/5