سەرۆكی كۆمەڵەی زێڕنگەرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، سەنتەری بازرگانی زێڕ لەسەر ئاستی عیراق لە بەغداوە بۆتە هەولێرو لەساڵی ڕابردووشدا نزیكەی 60 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە
ئاژانسی ئەنادۆڵ ڕاپۆرتێكی لەسەر بازرگانی زێڕ لەعیراق بڵاوكردۆتەوەو تیایدا ئاماژە بەوەكردوە كە پێشتر بەغدا سەنتەری بازرگانی زێڕ بووە لەعیراقداو بازرگانانی كورد سەردانی بەغدایان كردوە بۆ كڕینی زێڕ، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری ڕەوشی ئەمنیو بەردەوامی كێشە سیاسیەكانەوە، بازرگانان ڕوویان لەوڵاتانی دیكە كردووە بۆ كڕینی زێڕ لەوانەش توركیاو دوبەی، بەجۆرێك لەسەدا 30 ی زێڕی هاوردەكراو لە توركیاوە دێتە هەرێمی كوردستان ئەمەش هۆكاری ئەوە بووە كە هەولێر ببێتە سەنتەری بازرگانی زێڕ لەعیراقداو جێگەی بەغدای گرتۆتەوە لەوبارەیەشەوە قارەمان جەوهەر محەمەد سەرۆكی كۆمەڵەی زێڕنگەرانی كوردستان بەئاژانسی ئەنازۆڵی ڕاگەیاندوە: لەساڵی 2012 دا 58 تۆنو 200 كیلۆگرام زێڕ لەفڕۆكەخانەكانی سلێمانیو هەولێرو خاڵە سنوریەكانی دهۆكەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، كە ئەمەش بەراورد بەساڵی 2011 بەڕێژەی لەسەدا 100 زیادیكردووە لەبارەی بوونی هەولێریش بە سەنتەری بازرگانی زێڕ لەعیراقدا، تەئكیدی كردۆتەوە كە ڕەوشی ئەمنی هەرێمو بەرزبونەوەی خواستی هاوڵاتیان لەسەر زێڕو زیادبونی كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی زێڕ بۆ 25 كۆمپانیا، هۆكاربوون بۆ بوونی هەولێر بە سەنتەری بازرگانی زێڕ لەعیراقدا.