عیراق دروستكردنی چەند رێگایەكی خێرا دەخاتەڕوو

دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی عیراق رایدەگەیەنێت، لەكۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عیراق درووستكردنی چەند رێگایەكی خێرا بۆ وەبەرهێنانی بیانی دەخاتەڕوو.

دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی عیراق لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردووە، وڵاتەكەی لەكۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی عیراق كە بڕیارە لەرۆژانی 12 تا 14 ئەم مانگە لەكوەیت ببەسترێت، درووستكردنی چەند رێگایەكی خێراو پەرەپێدانی رێگاكانی ئێستا‌و دروستكردنی چەند رێگایەكی تری لاوەكی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەخاتەڕوو.

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، دەستەكەیان خەرجی تێچووی دروستكردنی  هەر كیلۆمەترێك رێگای خێرای بە 3 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە.

دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی عیراق رونیكردۆتەوە، گرنگترین ئەو رێگایانەش بریتین لەرێگای خێرای بەغدا – بەسرە كە 580 كیلۆمەترەو  رێگای خێرای بەغدا – موسڵ – رەبیعە- پیشخابوور بەدرێژی 570 كیلۆمەتر، لەگەڵ دروستكردنی رێگای خێرای بەغدا – كەركوك كە 250 كیلۆمەترە.