سەرۆكی ژووری بازرگانی كرماشان: لەهەوڵی كردنەوەی مەرزەكانداین


سەرۆكی ژووری بازرگانی پارێزگای كرماشان دەڵێت، حكومەتی عیراق بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران مەرزە لاوەكییەكانی هەرێمی كوردستانی داخستووە و لەهەوڵی كردنەوەی ئەو سنوورانەدان.

پاش ئەوەی حكومەتی عیراق بڕیاری داخستنی سەرجەم مەرزە لاوەكییەكانی هەرێمی كوردستانی دا، كەیوان كاشفی سەرۆكی ژووری بازرگانی پارێزگای كرماشان دەڵێت، حكومەتی عیراق بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری داخستنی ئەو سنوورانەی داوە و هەنگاوێكی یەك لایەنەیە.

وتیشی: ئەو بڕیارەی حكومەتی عیراق سەرجەم مەرزە لاوەكییەكانی هەرێم دەگرێتەوە كە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگاكانی كرماشان و سنە و ورمێ.

كاشفی ئاماژەی بەوەشدا، كە ئێستادا ئەوان لەڕێگەی پارێزگار و كۆنسوڵی ئێران لەسلێمانی‌و هەولێرو ژووری بازرگانییەوە سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ كردنەوەی مەرزەكان.