عێراق حەوت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیکە دروست دەکات

 


وەزارەتی گواستنەوەی عێراق هەنگاوە هونەری و ئیدارییەکانی سەبارەت بە دروستکردنی حەوت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە پارێزگاکانی عێراق تەواو کردوە و یەکێک لە فڕۆکەخانەکانیش لە شاری کەرکوک دەبێت.

لەیس رەبیعی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند؛ ئەو حەوت فڕۆکەخانەیە لە پارێزگاکانی میسان و ئەنبار و واست و دیالە و بابل و سەلاحەدین و کەرکوک دروست دەکرێت.

رونیشیکردەوە، لیژنەیەکی تایبەتمەند دروستکراوە بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی ئامادەکارییەکان و هەروەها بانگهێشتکردنی ئەو کۆمپانیایانەی خوازیارن لەبواری دروستکردنی فڕۆکەخانەکاندا وەبەرهێنان بکەن.

جەختیشیکردەوە، کە سەرجەم رێکارە هونەری و ئیدارییەکانی دروستکردنی فڕۆکەخانەکان تەواوکراون بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق.