لێپرسراوێك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت: ئەو پاشەكەوتەی لەموچەی فەرمانبەران كراوە بەهیچ شێوەیەك نافەوتێت.
د.ئاراس خۆشناو سەرۆكی سەنتەری زانیاریی و لێكۆڵینەوەی زانستی لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگەیاندووە: ئەو پاشەكەوتەی لەموچەی فەرمانبەران كراوە بەهیچ شێوەیەك نافەوتێت .
وتیشی ئەوكەسانەی بەفیعلی موچەخۆری حكومەتی هەرێمن مافیان نافەوتێت، ئەوان جیاوازن لەو بندیوارانەی كە لەسیستمی بایۆمەتری موچەدا یەكلاكراونەتەوە كە نایاسایین .
ئاماژەی بەوەشكرد دانەوەی پاشەكەوتی موچە مافی فەرمانبەرانەو بەتێپەڕبونی كاتیش یاخود گۆڕینی حكومەت، تەنانەت ڕێككەوتنیش لەگەڵ حكومەتی بەغدا ناتوانێت ببێتە هۆكار بۆ ئەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بفەوتێت، بەدڵنیاییەوە بۆیان دەگەڕێندرێتەوە.
لە لایەكی تریشەوە دكتۆر عیزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان تەئكیدیكردۆتەوە تائێستا حكومەتی هەرێم دەڵێت حسابی بانكی بۆ پاشەكەوتی موچە دەكاتەوە لەڕێگەی بانكەكانەوە، بەڵام تائێستا هیچ وادەیەك دیارینەكراوە كە ئاخۆ حكومەت كەی دەست بەو هەنگاوە لەبەرژەوەندی فەرمانبەران دەكات.