ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون زیانێکی ئابووریی گەورەی بە عەفرین گەیاندووە

تورکیا لەڕێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون زیانێکی زۆری بە ئابووریی عەفرین گەیاندووە، بەجۆرێک لەماوەی 13 رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، زیانی بە زۆربەی سێکتەرەکانی ئەو شارەی رۆژئاوای کوردستان گەیاندووە.


هەرچەندە تائێستا هیچ ئامارێکی فەرمی نییە کە زیانە ماددی و ئابوورییەکان بخەمڵێنێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، کۆی سێکتەرەکان زیانیان بەرکەوتووە.

زانیارییەکان لە سەرچاوە خۆجێیەکانەوە دەریدەخەن، هێرشەکان ژیان و جوڵەیان لە زۆربەی ناوچەکاندا پەکخستووە، بەگوتەی دکتۆر عەبدوڵڵا محەممەد، مامۆستای زانکۆ، لە کۆی شەش ناحیە لە چواریاندا ژیان تائاستێکی زۆر وەستاوە، تەنیا چەند دووکان و فرۆشگایەکی کەم کراونەتەوە، ئەوە سەرباری چۆڵبوونی گوندە سنوورییەکان، کە زۆرینەیان سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی عەفرینن.

ئەو بوارانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بریتین لە: خانووبەرە، باڵەخانەکان، کارگە پیشەسازییەکانی وەکو زەیتی زەیتوون، جلوبەرگ و پێڵاو.

هەرچی پەیوەندی بە ماڵ و خانووی هاونیشتمانییانەوە هەیە، لە ناحیەی راجۆدا 50%ـی خانووەکان بەهۆی بۆردوومانەوە رووخاون، هەروەها لە ناحیەی جێندرێسێ 25% خانووەکانی وێران بوون. گوندەکانی سەر سنووریش زۆربەیان وێران بوون، بۆ نموونە تەنیا لە گوندی تەل سەفرە، 15 ماڵ رووخاون. 

بەگوتەی محەممەد بەلۆ، چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەوان “بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانی هەڕەمەکییەوە، زیانێکی زۆر بە رەز و باخەکان بەتایبەتی بەرهەمی زەیتوون گەیشتووە، کە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری ناوچەکەیە”.

جموجوڵی بازرگانی تا ئاستێکی زۆر وەستاوە، هاوکات نەختینە لەو شارە کەمبووەتەوە، پێشتر یەک تەنەکە زەیتی زەیتوون کە 16 کیلۆگرامە بە 30 هەزار لیرە دەفرۆشرا، ئێستا بەهۆی کەمیی پارەوە دابەزیوە بۆ 17 هەزار لیرە، بەهۆی ئەوەی کە بەرهەمەکان ساخنابنەوە و هاووڵاتیان دەیانەوێت بڕێکی کەمیش بێت پارەیان دەستبکەوێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە پێداویستیەکان لەناوخۆی شارەکە بەرهەمدێن، هێشتا نرخەکان بەرزنەبوونەتەوە.

جگە لە سامانە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان ، چەندین شوێنەواری مێژوویی لە عەفرین هەن کە بەشێکیان کەوتوونەتە بەر هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا، لە لایەکی دیکەوە جوڵەی خانووبەرە و ئاوەدانی بەتەواوی وەستاوە. 

عەفرین ناوچەیەکی شاخاوییە و سێ هەزار و 850 کیلۆمەتر دووجا رووبەرەکەیەتی، رێژەی 2%ـی کۆی رووبەری سووریا پێکدێنێت، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی سووریا ژمارەی دانیشتووانی عەفرین 523 هەزار و 258 کەس بووە، بەڵام دواتر ژمارەی دانیشتووانی زیادیکردووە، بەهۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر بەتایبەتی لە حەلەب و ناوچەکانی دیکەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەو شارە، بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەو شارەش، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی عەفرین زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

وەرگیراوە لە: ماڵپەڕی ڕووداو