ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و کارەبای سلێمانی لەسەر کارەبا کۆدەبنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لەبارەی زیادبونی نرخی کارەبای بازرگانی و پیشەسازیەوە ڕونکردنەوە دەدەن بەبازرگانان.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازیانکر لە شێخ ھیوا بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی بەمەبەستی قسەکردن و پێدانی زانیاری لەسەر گرانبونی نرخی کارەبا لەسەر ھاوڵاتیان.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژوور لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند: لە ئێستادا بازرگانان و پیشەوەران و پیشەسازان نیگەرانن لەگرانبونی نرخی کارەبا کە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە بۆیە پێویستە چارەسەرێک بۆئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە زیان بە پیشەوەران و ھاوڵاتیان نەگات.

ڕاشیگەیاند: ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ھەمو لایەک لەو گرانبونە ئاگادار دەکەینەوە وە پێویستە حکومەت چاو بەونرخە بخشێنێتەوە ئەگەرنا زیانی زۆر بەر کەرتی بازرگانی و پیشەسازی دەگات لەم کاتی قەیرانەدا کەتوانای کارکردنیان سنوردارە و نەتواندراوە وەک پێویست بەردەوامبن لەکار کردن.

لای خۆشیەوە شێخ سالار بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند: لەسلێمانیدا ٤٧٠ ھەزار بەشدار بووی کارەبا ھەیە کە لەئێستادا کارەبای سلێمانیش نەتواندراوە زیاد بکرێت وە بۆ ھەر کیلۆ واتێک  کارەبای بازرگانی نرخەکەی بوە بە ١٣٠ دینار کە پێشتر ٨٠ بۆ ٩٠ دینار بووە.